عێراق و سوریا دابهزینێكی زۆری ژمارەی کوژراوانیان له هێرشی تیرۆرستیدا بەخۆوە بینی لە ساڵی رابردوودا، بەگوێرەی راپۆرتێك کە پێنجشەممە (18 کانونی دووەم) لەلایەن ناوهندی جەین بۆ تیرۆریزم و یاخیگهری بڵاوکرایەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
بهگوێرهی راپۆرتەکە سەرەڕای بەردەوامیی توندوتیژی لەو دوو وڵاتەدا داکشان هەبووە لە ژمارەی کوژراواندا لهو هێرشانهدا كه لهلایهن کاراکتەرە نادەوڵەتیەکانی وەك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه ئهنجامدراون.
بەگوێرەی ئەو ناوهندی لێکۆڵینەوەیە کە بنكهكهی لە لەندەنە، ساڵی رابردوو لە عێراقدا 3,378 کەس بەهۆی هێرشی چەکدارییهوه کوژراون ئەوەش لەسەدا 60 کەمترە بەبەراورد بە 8,437 کوژراو لە 2016دا.
گۆرانکارییەکی هاوشێوە له سوریاش سهرنجدراوه کە داکشانێکی نزیکەی لەسەدا 44 هەبووە.
سەرجەمی 3,641 کەس کوژراون بەهۆی تیرۆریزم و یاخیگهرییهوه لە 2017 ئەمەش کەمترە لە کوژرانی 6,477 کەس لە ساڵی پێشودا.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەو چەکدارانە نەکردووە کە لە هێرشەکاندا کوژراون.
سەرەڕای لەدەستدانی ناوچهیهكی گەورە، ساڵی رابردوو داعش وەك چالاکترین رێکخراوی تیرۆرستی جیهانی بەردەوام بوو لەڕووی ژمارەی هێرشەوە.
سەرۆکی ئەو ناوهندی لێکۆڵینەوەیە، ماسێو هێنمان، وتی: "هەرکە داعش رووبەڕووی گوشارێکی بەردەوامی خاكلهدهستان بووهوە، گهڕایەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی ناسەقامگیرکردن بە ئەنجامدانی زۆری توندوتیژی ئهندازه بچوكتر دژی هێزە ئەمنیەکان و رکابەرە نادەوڵەتیەکان لەو ناوچانەی تازە لە گروپەکە ئازادکراون."
گروپەکە 6,499 کەسی کوشت لە هێرشەکانی ساڵی رابردوودا -- کە داکشانێکی لەسەدا 40 بوو بەبەراورد بە 2016، سەرەڕای بەرزکردنەوەی ژمارەی هێرشەکانی بە لەسەدا 9 بۆ 4,612 هێرش ساڵی رابردوو.
لەسەر ئاستی جیهاندا داكشانێكی ژمارهی کوژراوان هەبووە بەهۆی هێرشی چەکدارانەوە لە 27,697 کوژراوهوه لە 2016 بۆ 18,475 کوژراو لەساڵی رابردوودا.