گهوێرهی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، حکومەتی سویسرا پێنجشەممە (21 کانونی یهكهم) رایگەیاند "نوسینگهیهكی كۆمهكی مرۆیی" لە دیمەشق کردۆتەوە و ئامانجی باشترکردنی دابهشكردنی هاوکاری و چاودێریكردن و هاوئاهەنگیكردنی بەرنامەكانی هاوکارییە لەكاتی جێبهجێكردنیاندا.
سویسرا یەکەم وڵاتی رۆژئاواییە، جگە لە یەکێتی ئەوروپا، نوسینگهیهكی لەوشێوەیە بکاتەوە لە وڵاتەکە لهوكاتهوهی شەڕی سوریا بەرپابوو حەوت ساڵ لهمهوبهر.
مانوئێڵ بێسلەر، بەرپرسێكی حکومەتی سویسری بۆ کۆمەکە مرۆییەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی ئێس ئاڕ ئێف، وتی: "ئیتر لهمهودوا چاو و گوێمان ههیه لە دیمەشق."
نوسینگه نوێکە، کە چەند هەفەتەیەك لەمەوبەر کرایەوە و تەنیا یەك كارمهندی هەیە، بهمانای هیچ ئامادەییەکی سیاسی یان دیبلۆماسی سویسری نیە.
بەڵکو، بەگوێرهی بەیاننامەیەکی حکومەت، ئامانجی "لە نزیکەوە چاودێریکردنی دیالۆگه بۆ دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکانە بۆ ئهو دانیشتوانەی پێویستیان پێیهتی".
بەیاننامەکە رایگهیاند كه نوسینگهكه کاردەکات بۆ "چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری هاوکارییەکان و باشتر چاودێریکردنی پرۆژەکانه بهكردار" لە سوریا و ئەمەش ئێستا کاری سەرەکی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی مرۆیی سویسرایە.
بەیاننامەکە راشیگهیاند: "رەوشی مرۆیی لە سوریا جێگای نیگەرانییە و هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە سویسراشەوە، ئێستا لەهەموو کاتێك زیاتر پێویستە."
لەو کاتەوەی سویسرا باڵوێزخانەی خۆی داخست لە بەهاری 2012، هەوڵە مرۆییەکانی لە رێگای نوێنەرایەتیەکانیەوە لە ئوردن و لوبنان و تورکیا ئەنجامداوە و حکومەتەکەشی رایگهیاند كه ئەو نوێنەرایەتیانە بەردەوامدەبن لە رۆلی گرنگیان لەم بوارەدا.