هه‌واڵه‌كانی عێراق

پەرلەمانی روسیا فراوانکردنی بنكه‌ی دەریایی لە سوریا په‌سه‌ندده‌كات

ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند كه‌ پەرلەمانی روسیا پێنجشەممە (21 کانونی یەکەم) رێککەوتنێكی لەگەڵ دیمەشق په‌سه‌ندكرد بۆ فراوانکردنی بنكه‌یه‌كی دەریایی روسی لە بەندەری تەڕتوسی سوریا.

رێککەوتنەکە لە کانونی دووەمدا لە سوریا ئیمزاكرا و هەفتەی رابردووش سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتین ناردی بۆ پەرلەمانی روسیا، ستەیت دوما، بۆ بڕیاردان لەسەری.

رێککەوتنەکە بۆ 49 ساڵە و رێدەدات بە فراوانکردن و مۆدێرنکردنی ئەو بنكه‌یه‌ی له‌لایه‌ن هێزی دەریایی روسیاوه‌ بەکاردێت.

بەگوێره‌ی رێککەوتنەکە، لانی زۆر 11 کەشتی جەنگی، له‌نێویاندا ئەو كه‌شتیانه‌ی بە هێزی ئه‌تۆمی کاردەکەن، دەکرێت هەرکاتێك بخوازرێت لە تەڕتوس جێگیربکرێن.

میدیای روسیش رایانگەیاند كه‌ جێگری وەزارەتی بەرگری، نیکۆلای پانکۆڤ، لەكاتی پێشكه‌شكردنی گرێبەستەکەدا لە پەرلەمانی روسیا وتی: "رێککەوتنەکە رێدەدات بە فراوانکردنی بنكه‌ دەریاییه‌كه‌ بۆ 24 هێکتار بەبێ بەرامبەر."

پوتین لە سەردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراودا بۆ سوریا هەفتەی رابردوو بڕیاریدا بە هاتنەدەرەوەی به‌شێك له‌ هێزەکانی روسیا لەو وڵاته‌ به‌ شه‌ڕ وێرانبووه‌ و دواتریش سوپا رایگه‌یاند كه‌ دەستیکردووە بە كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی.

روسیا له‌ ئەیلولی 2015 دەستی وه‌ردا لە شەڕی سوریاوه‌ بۆ پاڵپشتیکردنی رژێمەکەی دیمەشق.

لەو کاتەوە، کەشتییە جەنگییەکانی رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پشتیوانیكردنی بۆردومانه‌ ئاسمانیه‌كاندا بۆ پشتگیریكردن له‌ سەرۆك بەشار ئەسەد.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500