هه‌واڵه‌كانی عێراق

توندڕەوێکی بەریتانی کە لە سوریا شه‌ڕیدەکرد 10 ساڵ زیندانیدەکرێت

توندڕەوێکی بەریتانی کە شەڕی لادانی موعەمەر قەزافی لیبیای کردبوو، دواتر پەیوەندیکرد بە ریزەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە سوریا، هەینی (8 کانونی یەکەم) بڕیاری زیندانی بۆ ماوەی 10 ساڵ بۆ دەرچوو، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

محەمەد عەبدوڵای 26 ساڵ کە هاوڵاتیی هه‌ردوو بەریتانیا و لیبیایه‌، لە 2011 پەیوەندیکرد بە ریزەکانی "لیوای تەرابلوس" لەگەڵ براکەیدا، عەبدولڕەوف.

دادگاکە لە لەندەن گوێبیستی ئەوەبوو کە براکەی عەبدوڵا لە شەڕدا فیشەکی بەرکەوت و ئیفلیج بوو لە کەمەریەوە بەرەوخوار.

لە 2014، عەبدوڵا بەرەو سوریا چوو بۆ یارمەتیدانی براکەی کە لەسەر کورسی ئیفلیجی بوو، کە ماڵەکەی لە مانچستەر کردە "بنکەیەك" بۆ چەکدارانی داهاتووی داعش.

دەستگیرکرا کاتێك گەڕایەوە بۆ فڕۆکەخانەی هێزرۆی لەندەن لە ئەیلولی 2014.

لە 2016، سکای نیوز چەند فایلێكی دەست هەڵاتوویەکی داعشی بڵاوکردەوە کە عەبدوڵای وەك نیشانگری تایبەتمەند ناوزەدکردبوو بە پسپۆڕی لە بەکارهێنانی "دۆشکە"دا -- كه‌ چەکێکی روسیی ئۆتۆماتیکی قورسە.

پێنجشەممە عەبدوڵا بە تاوانبار لەقەڵەمدرا بەهۆی خاوەندارێتی چەکێکی کڵاشینکۆف و وه‌رگرتنی 2,000 پاوەند (2,700 دۆلار) بۆ تیرۆریزم و ئەندامێتی داعش.

عەبدوڵا نکۆڵی لە ئەندامێتی داعش کرد. بەڵام دادوەر ماورا مێک گۆوان وتی عەبدوڵا "شانازی" كرد به‌ دەستکەوتنی چەکه‌وه‌ و "بەتەواوی پابەند" بووه‌ بە پەیوەندیکردن بە داعشەوە.

وتیشی: "پابەندیت بە توندوتیژییەوە لە دەرەوە روونە و هیچ ئاماژەیەکی گۆڕانکاریی دیدگا و هەڵوێستت پیشاننه‌داوه‌."

دادگایی عەبدوڵا دواخرا دوای هێرشێكی تیرۆریستی بۆ سەر یاریگای مانچستەر لە ئایاری ئەمساڵدا کە لەلایەن هێرشکەر سەلمان عابدییەوە ئەنجامدرا و تێیدا 22 کەس کوژران.

عابدی سەردانی هەمان مزگەوتی دەکرد کە برایان عەبدوڵا سەردانیان دەکرد و دەوترێت سەردانی عەبدولڕەوفی کردووە لە زیندان لە مانگەکانی پێش هێرشەکەیدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500