گه‌نجێكی سوریا دووشه‌ممه (4 كانوونی یه‌كه‌م) داوایه‌كی به‌هێزی ئاڕاسته‌ی جیهان كرد، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه شانسێك بدرێت به‌و په‌نابه‌رانه‌ی وڵاته‌كه‌یان جێده‌هێڵن كه جه‌نگی تێدایه، له‌كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تیی ئاشتیی منداڵان له شاری لاهای، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
محه‌مه‌د جونده وتی: "ئێمه ته‌نها ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك شانسێكمان پێ‌بدا بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بسه‌لمێنین."
روانگه‌ی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگه‌یاند قسه‌كانی كوڕه شازده ساڵه‌كه دوای زنجیره‌یه‌ك هێرشی ئاسمانی سوریا هات كه بووه هۆی كوشتنی 25 هاوڵاتی و برینداربوونی ده‌یانی دیكه له ناوچه‌ی غوته‌ی خۆرهه‌ڵات له رۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا.
رێكخه‌رانی پێشبڕكێكه‌ی رێكخراوی مافی منداڵان وتیان: "محه‌مه‌د ئه‌م خه‌ڵاته له‌پای ئه‌و هه‌وڵه ماندوونه‌ناسانه وه‌رده‌گرێت كه داوێتی بۆ دابینكردنی مافی منداڵه په‌نابه‌ره‌كانی سوریا."
محه‌مه‌د جونده و خێزانه‌كه‌ی قوتابخانه‌یه‌كیان دروستكردووه بۆ 200 منداڵی په‌نابه‌ر له كه‌مپێكی په‌نابه‌ران له لوبنان كه له‌وێ وانه‌ی بیركاری و ئینگلیزی و فۆتۆگرافی وتۆته‌وه.
محه‌مه‌د جونده، كه ئێستا له سوید له‌گه‌ڵ دایك و باوكی ده‌ژی، وتی: "په‌یامه‌كه‌م بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی نایانه‌وێت په‌نابه‌ر له [وڵاته‌كه‌یان] بێ، ئه‌وه‌یه كه ئێمه‌ش خۆمان نامانه‌وێت بێین. به‌ڵام ئه‌وه جه‌نگه كه واده‌كات."
وتیشی: "وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، نه‌ك وه‌ك په‌نابه‌ر یان كۆچبه‌ر."
له 13ه‌مین ساڵی به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه‌دا، رێكخراوی مافی منداڵان گوتی خه‌ڵاته‌كه ساڵانه ده‌به‌خشرێت به‌و "منداڵانه‌ی كه بوێرانه ده‌جه‌نگن له‌پێناو مافی منداڵاندا". هه‌روه‌ها خه‌ڵاته‌كه پێكدێت له 118,000 دۆلار كه بۆ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له وڵاتی منداڵه براوه‌كه‌دا سه‌رفده‌كرێت.