هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتوەکان: 13 ملیۆن سوری پێویستیان بە کۆمەکە سەرەڕای کەمبوونەوەی توندوتیژی

زیاد لە 13 ملیۆن سوری پێویستیان بە کۆمەکە سەرەڕای کەمبوونەوەی رێژەیی لە توندوتیژییدا لە وڵاتەکەیان لەم چەند مانگەی دواییدا، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (21 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

زیاد لە 330,000 کەس کوژراون لەوکاتەوەی شەڕی سوریا دەستیپێکرد لە ئازاری 2011 و توندوتیژی نزیکەی نیوەی خەڵکەکەی ئاوارەکردووە، چ لەناوخۆدا یان لە دەرەوە، وەك په‌نابه‌ر.

راپۆرتێك لەلایەن نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکانه‌وه‌ رایگەیاند: "بە چوونەناو ساڵی حەوتەمی قەیرانەکەوە، قه‌واره‌ و توندی و ئاڵۆزیی پێداویستیەکان لە سەرانسەری سوریادا هێشتا زۆرگەورەیە."

نوسینگەکە راشیگەیاند: "نزیکەی 13.1 ملیۆن کەس لە سوریا پێویستیان بە کۆمەکی مرۆییە. لەمانەش 5.6 ملیۆن کەسیان پێویستیی دەستبەجێیان هەیە."

بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو ئامارە کەمێك نزمبۆتەوە لە 13.5 ملیۆن کەسەوە کە لە 2016 پێویستیان به‌ كۆمه‌ك هه‌بوو.

نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند لەنێو خاوەن پێویستیەکاندا له‌سه‌دا 40 منداڵن و وتیشی خەڵکە گەمارۆدراوەکە یان ئەوانەی بەناوچەی "سەخت ده‌ستپێگه‌یشتوو" دادەنرێن بەتایبەتی ناوچەی پڕمەترسین.

لەکاتێکدا راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکرد کە "کەمبوونەوە هەبووە لە توندوتیژی لەهەندێك ناوچەدا"، راشیگەیاند کە کاریگەریی ناوچەکانی ئاگربەست "جۆراوجۆر بووه‌" بۆ مەدەنییەکان.

هۆشداریشیدا لەوەی دەکرێت تا 1.5 ملیۆن سوریی نوێ ئاوارەبن لەم چەند ساڵەی دواتردا، هەرچەندە پێشبینی ئەوەشیکرد تا یەك ملیۆن له‌ ئاواره‌كانی ئێستای سوریا بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

راپۆرتەکە پێشبینی شەڕی بەردەوامیشی کرد لەهەندێك ناوچەی دیاریکراودا، لەنێویاندا پارێزگای ئیدلیب لە باکوری خۆرئاوای سوریا کە لەئێستادا ناوچەی هێورکردنەوەی لێیە.

پارێزگای ئیدلیب لەلایەن تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە، کە هاوپەیمانێتیەکە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشوەوە کۆنترۆڵکراوە.

نەتەوە یەکگرتوەکان پشوویەکی كورتی تێبینی کردووه‌ لە غۆتەی خۆرهەڵات، کە ناوچەیەکی دیکەی ئاگربەستە و تێیدا توندوتیژیی هەڵگیرسا، سەرەڕای رێککەوتنی هێورکردنەوە.

ناوچه‌كانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە 2013وە لەژێر گەمارۆی حکومەتدان و تێیاندا خۆراك و کورتهێنانی دەرمان سەریکێشاوە بۆ قەیرانی بەدخۆراکی و مەرگ.

راپۆرتەکە هۆشداریدا: "مەدەنییەکانی نێو ئەو ناوچانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە گەمارۆدراو لەقەڵەمدەدرێن، لەنێویاندا غۆتەی خۆرهەڵات، واپێدەچێت بەبێ کۆمەکی مرۆیی بەردەوام بمێننەوە و دەستڕاگەیشتنیان سنوردارە بە کاڵا و خزمەتگوزاریی سەرەتایی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500