هه‌واڵه‌كانی عێراق

ریاز میوانداری کۆبونەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات

بڕیارە سعودیە کۆتایی ئەم مانگە میوانداری کۆبونەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بکات و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبونەوەی نوێی وتوێژی ئاشتی لەگەڵ حکومەتی سوریادا، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (14 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی سعودیە رایگەیاند کۆبونەوەکە لە ریاز ئەنجامدەدرێت لە 22 بۆ 24ی تشرینی دووەم لەسەر داوای باڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ئامانجی پێکهێنانی "شاندێکی دانوسانی هاوبەش بۆ دەستپێکردنەوەی دانوسانی راستەوخۆ لە جنێڤ بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان."

دواین گەڕی وتوێژی ئاشتی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەنجامدرا بڕیارە 28 تشرینی دووەم دەستپێبکاتەوە. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفان دی-مستۆرە، مانگی رابردوو رایگەیاند وتوێژەکان گەیشتونەتە "خاڵی وەرچەرخان".

وەزیری بەرگری ئەمریکا، جیم ماتیس، درەنگانی دووشەممە پشتگیری تەواوی راگەیاند بۆ پڕۆسەی ئاشتی و بەڵێنی دا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پابەنددەبێت بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی درێژخایەن.

ماتیس وتی: "ئێمە ئێستا دەستەوەستان ناوەستین هەتا پڕۆسەی جنێڤ ئەنجامی دەبێت."

"ئێمە دەمانەوێت دڵنیا بین مەرجەکان دادەنێین بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسیانە."

وتوێژی جنێڤ ئەمساڵ بەزۆری وەلانراوە بە وتوێژی جیاواز لە ئەستانەی پایتەختی کازاغستان بە سپۆنسەری تورکیای پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن و ئێران و روسیای هاوپەیمانی حکومەت.

ئەو وتوێژانە بونە ئەنجامی راگەیاندنی سێ هەرێمی ئارام لە مەیدانە سەرەکیەکانی جەنگ لەنێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا و دانانی پلانیش بۆ چوارەم هەریم.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500