هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق قائیم پاكدەکەنەوە لە پاشماوەی شەڕی داعش

هێزەکانی عێراق دەستیانكردووه‌ بە ئۆپەراسیۆنێك بۆ پاککردنەوەی قائیم لە پاشماوەكانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دوای ئازادکردنی شارەکە هەفتەی رابردوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دووشەممە (6 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

هێزەکانی عێراق هەینی قائیمیان گرت کە گەورەترین شارۆچکەی ژێردەستی گروپەکە بوو لە عێراق، سەرەکوزیران حەیدەر عەبادی وتی، کە بزمارێکی تری بە تابوتی بەناو خەلافەتی داعشدا داكوتا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

عەبادی لە بەیاننامەیەکدا خۆشحاڵی دەربڕی لە "ئازادکردنی قائیم لە كورتترین كاتدا" دوایئەوەی چەند كاتژمێرێك دواتر هێزە سەربازیەکانی عێراق بەپاڵپشتی شەڕکەرانی خێڵه‌ سونیەکان چوونەناو ئەو شارۆچکە گرنگەوه‌ لەسەر سنوری سوریا.

گرتنی قائیم بووە هۆی ئەوەی شەڕکەرانی داعش لە عێراق تەنیا شارۆچکەی راوەی بچوکی دراوسێ و چەند حەشارگەیەکی بیابانی وشكیان لەسه‌ر رۆخی روباری فورات لەژێردەستدا بمێنێت.

وتەبێژی فەرماندەییەکە، عەقید محەمەد دولەیمی، وتی دوای تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی شەنوکەوکردن بۆ ئەندامانی ماوەی داعش، هێزەکانی عێراق دووشەممە دەستیانکرد بە لابردنی تەقەمەنی و موشەك و پوچەڵکردنەوەی خانوو و ئۆتۆمبیله‌ بۆمڕێژکراوه‌كان.

دولەیمی بە دیارونای وت: "پێشبینیدەکەین زیاتر لە 10 تەن تەقەمەنی لەوێدا هەبێت لەنێویاندا بۆمبی دەستكرد، بەرمیلی پڕ لە تەقەمەنی، موشەك، بۆمبی دەستکردی ناوخۆ و چەك و تەقەمەنی جۆراوجۆر."

وتیشی چەکەکان دەبرێنە دەرەوەی شارۆچکە ئازادکراوەکە بۆ دوورخستنه‌وه‌یان.

هەروەها وتی: "دوایئەوە دەستدەکەین بە پاککردنەوەی شارۆچکەکە و بە دەرمانی دژە مێروو دەیڕشێنین... پێشئەوەی رێگە بە دانیشتوان بدەین بگەڕێنەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500