بەرپرسێك لە شارەکە هەینی (13 تشرینی یەکەم) بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت دانوستان وەستاوە لەسەر ئەوەی راڕهوێكی ئەمنی بکرێتەوە بۆ دەربازبوونی ئەو مەدەنیانەی لە دوا گەڕەکەکانی ژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا ماون لە شاری رەققەی سوریا.
بەرپرسانی شارەکە و سەرۆك هۆزەکان ئەم هەفەتەیە کاریانکردووە بۆ ئەوەی دانوستان بکەن بۆ دەربازبوونی ئەو دانیشتوانەی کە لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعشدا گیریانخواردووە.
بەگوێرهی سەرچاوەیەك، هەندێك لە مەدەنیەکان بە ئارامی هێنراونەتە دەرەوە لە کاتی وەستانی شەڕدا لە چەند رۆژی رابردوودا بەڵام گفتوگۆکان وەستێنران دوای ئەوەی قسە هاتە سەر ئەوەی رێگە بدرێت چەکدارانی داعشیش دەربچن و دواتر پێکدادانەکان دەستیان پێکردەوە.
بەرپرسەکە وتی: "گفتوگۆکان وەستان لەبەرئەوەی ئێمە بە تەواوەتی ئەو بۆچونەمان رەتکردەوە کە [چەکدارانی داعش] لە شارەکە بڕۆن بەبێ ئەوەی روبەرووی هیج دەرئەنجامێك ببنەوە."
گفتوگۆکان بۆ یەکەمجار لەلایەن هاوپەیمانانەوە سێشەممە راگەیەنرا کە پاڵپشتی هێرشی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن بۆ دهرپهڕاندنی داعش.
هاوپەیمانان وتیان ئەندامانی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە و سەرۆك هۆزەکان کاریانکرد بۆ ئەوەی راڕهوێكی ئەمنی بۆ دهرچوونی مەدەنیەکان بکەنەوە.
ئەنجومەنەکە رەتیکردەوە لێدوان بدات لەسەر گفتوگۆکان بەڵام بەرپرسێکی ناوخۆیی وتی گفتوگۆکان مەرجی دەستگیرکردنی چەکدارانی سوریی داعشیشیان لەخۆگرتبوو.
سەدان مەدەنی لە گەڕەکەکانی هێڵی پێشەوە هەڵهاتن لەکاتی سوکە وەستانێكی شەڕهكهدا و چەندین چەکداری داعشیش خۆیان رادەستکرد.
فهرماندهیهكی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی کوردی، عهلی شێر، پێنجشەممە وتی: "لە سێ رۆژی رابردوودا، لانیکەم 15 چەکداری داعش خۆیان رادەستکردووە بە خێزانەکانیانەوە و بەمەش ژمارەیان گەیشتە 100 کەس."