هه‌واڵه‌كانی عێراق

دوو تەقینەوە لە دیمەشق لانیکەم 11 کەس دەکوژن

تەقینەوەی دوو بۆمب لە هێرشێكی خۆکوژیدا لە وێستگەیەکی پۆلیس لە دیمەشقی پایتەختی سوریا روویدا، دووشەممە (2 تشرینی دووەم)، میدیای دەوڵەت رایگەیاند، رێکخراوێکی چاودێریش وتی لانیکەم 11 کوژراون.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند دوو خۆکوژ خۆیان تەقاندۆتەوە لە بنکەیەکی پۆلیس لە قەزای میدانی باشور، کە سەریکێشا بۆ "مردنی ژمارەیەك مەدەنی و ژمارەیەك پۆلیس".

روانگەی سوریی بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند لانیکەم 11 کەس کوژران لە هێرشەکەدا، لەنێویاندا شەش ئەفسەری پۆلیس.

روانگەکە راشیگەیاند کە لەکاتی هێرشەکەدا ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژیش تەقیوەتەوە، بەڵام میدیای دەوڵەت هیچ باسی سێیەم تەقینەوەی نەکرد.

وەزیری ناوخۆ محەمەد شەعار بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند کە یەکێك لە هێرشبەرەکان توانیویەتی بچێتە بنکەی پۆلیسەکەوە و بگاتە نهۆمی زەمینیی بیناکە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەت وێنەی زیانەکانی نێو بیناکەی نیشاندا، کە جلی رەشی تۆزاوی پۆلیس لەنێو داروپەردووی دیواره‌ نیوەڕووخاوه‌كاندا ئەو ناوەی گرتبووەوە.

بەشی پێشەوەی ژوورێکی تەواوی نهۆمی زەمینی بەهۆی تەقینەوەکەوە رووخابوو، ئەوەشی مابۆوە، پارچەی شکاوی کانزا بەناو داروپەردووەکەدا بڵاوبووبۆوە.

پۆلیسەکان جەستەیەکیان لە دیمەنەکە دوورخستەوە کە لە قوماشی سپی پێچرابوو.

مەنال کە مامۆستایەکی 28 ساڵە و لە میدان دەژی وتی دوانیوەڕۆی دووشەممە لانیکەم گوێی لە دوو تەقینەوە بووە.

وتی: "لە ئیش دەگەڕامەوە کاتێك گوێم لە دەنگی تەقینەوەیەك بوو، دەوروبەری كاتژمێر 2:30 دوانیوەڕۆ بوو. نەمزانی چیە و چەند خولەکێك دواتر تەقینەەیەکی دیکە بیناکەی لەراندەوە."

لە دەستپێکی شەڕی سوریاوە دیمەشقیش بۆتە ئامانجی تەقینەوەی جارجاره‌، لەنێویاندا هێرشەکانی پێشووی میدان، کە گەڕەکێكی چینی مامناوەندی و شوێنی بازاڕکردنیشە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500