هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتوەکان لە ستەمەکانی داعش لە عێراق دەکۆڵێتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پێنجشەممە (21 ئەیلول) بەکۆی دەنگ بڕیاریدا تیمێکی لێکۆڵینەوە دابمەزرێنێت بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر کۆکوژییەکانی کەمینەی ئێزدیی لە عێراق و ستەمەکانی دیکە کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە ئەنجامدراون، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەریتانیا رەشنوسی بڕیارەکەی نووسی بۆ گەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانی جەنگی نێو داعش بە دادپەروەری -- کە كه‌یسێكه‌ لەلایەن ئەمه‌ل کلوونی پارێزەری نێودەوڵەتی مافی مرۆڤەوە پێشڕەویی دەکرێت، کە لە دەنگدانەکە ئامادە بوو.

ئەو پارێزرە لوبنانی-بەریتانیە نوێنەرایەتی ئەو ژنە ئێزدییانە دەکات کە بە بارمتە گیرابوون و وەك کۆیلەی سێکسی بەکارهێنرابوون لەلایەن داعشەوە لەکاتێکدا ناوچەی شەنگالی عێراقی گرت لە ئابی 2014.

کلوونی، کە ژنی ئەکتەر جۆرج کلوونیە، لەتەنیشت نادیە مورادەوە دانیشتبوو، کە ئێزدییەکی رزگاربووی کۆیلایەتی داعشە، لەکاتێكدا ئەنجومەنەکە دەنگی لەسەر بڕیارەکە دا.

کلوونی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەم بڕیارە سەرکەوتنە بۆ قوربانیانی داعش کە ماوەیەکی زۆرە شەڕی دادپەروەری دەکەن."

"لەڕێگەی دەنگدان بەکۆی دەنگ، ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتوەکان پەیامێکی بەهێزی نارد کە داعش ناکرێت چیتر جینۆساید و تاوانی دژه‌ مرۆیی ئەنجامبدات بەبێ لێپرسینەوە و قوربانییەکانیش دەکرێت دواجار رۆژی خۆیان بێت لە دادگادا."

لەدوای ئەم هەنگاوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس لەماوەی 60 رۆژدا راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەكه‌ کە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانیاندا کاردەکەن بۆ ئەنجومەنەکە دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی بڕیارەکە، لێکۆڵەران بەڵگەی "تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی یان جینۆساید" دەخەنەڕوو تا بەکاربهێنرێت لەو دادگا عێراقییانەدا کە دادگایی چەکدارانی داعش دەکەن.

دوای دەنگدانەکە، موراد ستایشی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش بەناوی قوربانیانی ئێزدییەوە.

موراد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بەهیوام لەئێستاوە بتوانین خێرا کاربکەین بۆ دروستکردنی ئەم تیمە بە توانایەکی بەهێزەوە و دەستبکەین بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کۆکردنەوەی بەڵگە."

"هەرچەندە داعش لەسەر خاك شکستی پێهێنراوە، قوربانیان پێویستیان بە دادپەروەرییە تا بتوانن تیماربکرێن و ئاشتببنەوە و بەهیواین ئەم بڕیارە دەستپێکی ئەو پرۆسەیە بێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500