هێزەکانی سوریای دیموکرات سێشەممە (21 ئەیلول) سەرقاڵبوون به پاككردنهوهی دوا چەکدارەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە قهڵاكهی سوریایان، رەققە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگهیاند.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزە تایبەتیەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی پاککردنەوەی رەقەیان دەستپێکردووە."
روانگەکە وتی توندڕەوەکان لەژێرزەمینەکاندا خۆیان شاردۆتەوە لە بەشێك لە ناوەندی شارەکەدا، ئەو شوێنەی یاریگای تۆپی پێی لێیە لەگەڵ ئهو بینایانهی پێشتر حکومی بوون.
وتی بهڵام ئۆپەراسیۆنەکە خاوبۆتەوە بەهۆی ژمارەیەکی زۆری مینەکانەوە کە توندڕەوەکان چاندویانن.
هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە هاوپەیمانییەکی کورد و عەرەبە، لە حوزەیرانەوە شەڕی داعش دەکات لە رەققە دوای ئەوەی چەندین مانگ گەمارۆیان دابوو.
هێزەکانی سوریای دیموکرات چوارشەممە وتی لە "قۆناغی کۆتایی" سهندنهوهی باکوری شارەکەدان لە دەست گروپەکە.
لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاند: "ئەمە وەك قۆناغی کۆتایی هەڵمەتی توڕەیی فورات دەبینین کە بەرەو کۆتایی دەچێت."
هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیان ژمارەی "هێرشە لە ناکاوەکانیان" زیادکردووە لەسەر داعش لە باکوری رەققە و توندڕەوەکان سێ مانگە گەمارۆدراون.
بەپێی نوسینگهی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی مرۆیی، دەیان هەزار مەدەنی لەو شەڕە هەڵهاتوون لە چەند مانگی رابردوودا بەڵام نزیکەی 15,000 هێشتا لەناو شارەکەدا گیریانخواردووە.
لیندا تۆم، کە سەر بە رێکخراوەکەیە، وتی : "ئێمە پێمان وایە نزیکەی 15,000 مەدەنی لەناو شاری رەققەدا گیریانخواردووە، هەرچەندە ژمارەی تەواوەتی زۆر سەختە بەدەستبکەوێت بەهۆی بارودۆخهكهوه."
بەپێی وتەکانی ئەو، مەدەنیەکان زۆریان ژن و منداڵن و "رووبەڕووی رەوشێکی زۆر سەخت بوونەتەوە، وەك کەمی خۆراك و ئاو و دەرمان".