بە پێی ئامارێك هەینی (15 ئەیلول) بڵاوکرایەوە، خۆکوژە چەکدارەکان لانیکەم 84 کەسیان کوشتوە لە باشوری عێراق لە هێرشێکی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا کە خوێناویترینە لەوكاتهوهی شاری موسڵی لەدەستداوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا وتی زۆربەی کوژراوەکانی هێرشەکەی پێنجشەممە زیارهتكارانی شیعە بوون و هەندێکیان ئێرانی بوون.
سەرۆکی تەندروستی پارێزگای زیقار جاسم خالیدی وتی: "ژمارەی قوربانیەکان بەرزبۆتەوە بۆ 84 دوای ئەوەی 10 لاشەی دیکە دۆزرانەوە لە شوێنی هێرشەکە." زیقار بە گشتی دوور بووە لەو توندوتیژیەی باکور و ناوەڕاستی عێراقی گرتۆتەوە.
خالیدی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "93 کەسی دیکە برینداربوون، زۆریان برینەکانیان سەختە."
بەرپرسان وتیان هێرشبەرەکان نیوەڕۆ هێرشیان کردووە، تەقەیان لە خواردنگەیەك کردووە بەرلەوەی بچنەناو ئوتومبیلێکەوە و خۆیان بتەقێننەوە لە بازگەیەکی نزیکیان.
ئەوان ماڵوێرانییان دوای خۆیان بەجێهێشت لەگەڵ بڵاوبونەوەی لاشەی سوتاو بەسەر شەقامەکاندا لەنزیك ئوتومبیل و پاس و لۆری سوتاوی تێکشکاو.
داعش زوو هێرشەکەی لە ئەستۆگرت، کە وا دەردەکەوێت [هەوڵەکانی] گۆڕیبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی پارتیزانی دوای زنجیرەیەك شکست لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا.
نێردراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، یان کوبیش "جووت هێرشە ترسنۆکانەکەی" شەرمەزارکرد "کە چەندین قوربانی مەدەنی لێکەوتەوە و زۆریان ئەوانەن بۆ زیارەت چووبوون."
ئەو ناوچەیەی هێرشەکەی پێنجشەممە بە ئامانجی گرت دەکەوێتە سەر جادهیهكی سهرهكی کە لهلایهن زیارهتكاره شیعهكانی ئێران و باشوری عێراقەوە بەکاردههێنرێن بۆ گەیشتنە ئەو شارانەی مەزارگەیان لێن، وەك نەجەف و کەربەلا، کە هەندێک له سەرووترهوهن.