هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەردەن و عێراق تاکە دەروازەی سنورییان دەکەنەوە

ئەردەن و عێراق چوارشەممە (30 ئاب) تاکە دەروازەی سنوریان کردەوە و رایانگەیاند ئاسایش گەڕێندراوەتەوە دوای سێ ساڵ لە دەستبەسەرداگرتنی ناوچە سنوریەکان لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا حکومەتی هەردوو وڵاتەکە رایانگەیاند دەروازەکە، کە لە عێراق پێی دەوترێت ترێبیل و لە ئەردەنیش کەرامە، کراوەتەوە دوایئەوەی "پارێزراوە... دژی هێرشی چەتە تاوانکارەکان."

دەروازە سنوریەکە بەشێکە لە رێگەیەکی گرنگ کە پایتەختەکانی عێراق و ئەردەن بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

رێگاکە بە بیابانی گەورەی پارێزگای ئەنباردا تێدەپەڕێت کە داعش هەندێك ناوچەی لەژێردەستدایە لەنێویاندا شارۆچکەی راوە و عەننه‌ و قائیم، بە دووری زیاتر لە 200کم لە باکوری دەروازەکە.

کردنەوەی دەروازەکە نیشانەی زیادبوونی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا و زیندوكردنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی گرنگه‌ بۆ ئابوری هەردوو وڵات.

سەرۆکی کاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق، عادل مەسعودی، وتی چاوەڕێ دەکات عێراق دەستبکاتەوە بە هاوردەکردنەوەی کەلوپەل لە ئەوروپاوە لەرێگەی ترێبیل و بەکاریبهێنێت بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکان، لەوانه‌ نەوت.

وەزیرانی بەرگری ئەردەن و عێراق، غالیب زۆهبی و قاسم ئه‌عرەجی، لە بەیاننامەی جیاوازدا وتیان کردنەوەی ترێبیل سەرکەوتنە بەسەر "تیرۆریزمدا."

زۆهبی وتی: "کردنەوەی ئەو دەروازە گرنگە نیشانەی خواستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم... و پابەندبوونمانە بە گێڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی ئاسایی لە ناوچەکەدا."

هاوتا عێراقیەکەشی وتی: "تیرۆریزم دەیویست ئەو دەروازەیە دابخات وەك ئەوەی بڵێت ئێمە کۆتایی بە ژیان دێنین... بەڵام ئێمە دەمانەوێت ژیان و هیوا بەردەوام بێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500