سێ لایهنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دووشەممە (21 ئاب) لە ریاز پێکگەیشتن تا هەوڵبدەن بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن كه نەتەوەیەکگرتووەکان بەهیوایە ببێته گەڕێکی گرنگی دانوستانی ئاشتی لە تشرینی یەکەمدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
کۆمسیۆنی باڵای دانوستانەکانی سەر بە سعودیە کۆبوونەوەیەکی یەك کاتژمێریی رێکخست لە بینایەکی ریازدا لەگەڵ شاندی دوو لاینهی میانڕەوی تردا كه به گروپەکانی قاهیرە و مۆسکۆ ناسراون.
نێردراوی سوریای نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفن دی میستورا، هەوڵیداوە ئۆپۆزسیۆن یەکبخات بۆ گەشەپێدانی ستراتیژێکی واقعیانەتری دانوستان دوای رێکخستنی حەوت گەڕی گفتوگۆی سەرنەکەوتوو.
بەربەستی سهرەکی چارەنوسی سەرۆك بەشار ئەسەدە كه کۆمسیۆنی باڵای دانوستانەکان سوورە لەسەر لابردنی بەڵام دوو لایهنهكهی تر هەڵوێستێکی نەرمتریان بهرامبهر ئهو كێشهیه ههیه.
سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا ئەحمەد رەمەزان ئەم هەفتەیە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئامانج لە کۆبوونەوەکە گەیشتنە بە رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی کە بناغەی دانوستانەکان دابڕێژێت. لهپێش ههموو شتێكهوه پێگەی بەشار ئەسەدە.
هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ دەربارەی ئاکامی کۆبوونەوەکەی دووشەممە نەدرا.
دی میستورا هەفتەی رابردوو وتی بەهیوای گفتوگۆیهكی ئاشتیی "راستەقینە و بەرچاو"ە لە تشرینی یەکەمدا لەنێوان حکومەت و بەرەیهكی یهكگرتووی ئۆپۆزسیۆندا کە هێشتا ماویەتی پێکبهێنرێت.