هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕی داعش دەکەن لەنێو رەققەی کۆندا

هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکشەممە (13 ئاب) شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان کرد لەنێو رەققەدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس کە لە دەوروبەری ئەو ناوەندە مێژووییە بوو وتی دوو هێزەکە لەنێو رەققەی کۆندا شەڕیانکرد، بە تەقاندنی لێزمەی هاوەن و چەکی قورس.

فڕۆکەیەکی جەنگیی هاوپەیمانان پاڵپشتیی ئاسمانیی کرد و بۆمبارانی پێگەکانی داعشی کرد لە رەققەی کۆن.

وتەبێژێکی یەکینە كورده‌کانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، کە لەژێر چەتری هێزەکانی سوریای دیموکراتدا شەڕدەکات، نوری مەحمود، وتی: "شەڕی سەخت هەیە. هێزەکانمان هەوڵدەدەن زیاتر و زیاتر دەوری داعش بگرن."

وتی چەکدارانی داعش "هەموو شتێك بەکاردەهێنن کە هەیانبێت بۆ رزگاربوونیان".

چەکدارانی داعش بەچڕی شارەکەیان مینڕێژکردووە بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەویی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و خۆکوژیش بەکاردەهێنن.

سەرەڕای ئەوەش هێزەکانی سوریای دیموکرات نۆ گەڕەکیان لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی شارەکە گرتووە لەوکاتەوەی بۆ یەکەمجار چوونەناو رەققەوە لە 6 حوزەیراندا دوای کەمپینێکی چەند مانگە.

هاوکات، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور دووشەممە هۆشداریی دا لەوەی ئەو مەدەنیانەی لەهەردوو شاری ژێردەستی داعشەوە هەڵدێن -- رەققە و دێرەزوور -- تووشی "دۆخێکی خراپ، خراپ" دەبنەوە لە دەیان له‌و کەمپە نافه‌رمییانه‌دا كه‌ كه‌لوپه‌ل و كه‌ره‌سه‌ی ته‌واویان تێدا نیه‌.

وتەبێژی دانیشتوی دیمەشقی خاچی سوور، ئینجی سدقی، وتی زیاد لە 40 کەمپ، کە هەریەکەیان لەنێوان 2,000 بۆ 10,000 کەسیان تێدایە، لە ناوچەی دوورەدەستی رەققە و حەسەکەی دراوسێی دامەزرێنراون.

"پەنجا لە سەدی خەڵك لەم کەمپانەدا منداڵن. لە دۆخێکی خراپ، خراپدا دەژین بەهۆی گەرماوە. ده‌شێت بۆ 50 پلەی سه‌دی بەرزبێتەوە (122 فەهرەنهایت) لە کاتی رۆژدا."

وتی زۆربەی کەمپەکان تەنانەت شمەکی زۆر سەرەتاییشیان تێدانیە، له‌وانه‌ خێمە و ئه‌و کەسانه‌ی تازه‌ ده‌گه‌ن، لە دەرەوە دەخەون بۆ ماوەی 10 رۆژ لەچاوەڕوانیی پەناگەدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500