هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتوەکان: زیاد لە 600,000 سوری دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، به‌زۆری لە حەلەب

لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاد لە 600,000 سوری گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان، زۆربەیان به‌ره‌و حەلەب، بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی جیهانی.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند رێکخراوی کۆچی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە کە لەنێوان کانونی دووەم و کۆتایی تەمموزدا، 602,759 ئاوارەی سوری گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، زۆربەیان بەهۆی باشتربوونی دۆخی ئابوری و ئەمنییەوە لەو ناوچانەی لێی هەڵاتبوون.

بەگشتی له‌سه‌دا 84ی ئەوانەی گەڕاونەتەوە پەنایان بۆ شوێنێکی دیکەی نێو وڵاتەکە بردبوو، لەکاتێکدا له‌سه‌دا 16ی دیکە لە وڵاتانی دراوسێی وه‌ك تورکیا، لوبنان، ئەردەن و عێراقەوە گەڕاونەتەوە.

زیاد لە چارەکێکی گەڕاوەکان وتیان ئەمەیان کردوە بۆ پاراستنی موڵك و ماڵیان، لەکاتێکدا نزیکەی هەمان رێژە باسیان لە باشتربوونی دۆخی ئابوری کرد لە ناوچەکانیان، له‌سه‌دا 11شیان باسیان لە باشتربوونی دۆخی ئەمنی کرد.

رێکخراوی کۆچی جیهانی رایگەیاند كه‌ هاوکات، له‌سه‌دا 14 ئاماژەیان بە خراپتربوونی دۆخی ئەمنی کرد لە شوێنی ئاوارەییان.

رێکخراوی کۆچی جیهانی رایگەیاند پارێزگای حەلەب تائێستا و لەمساڵدا له‌سه‌دا 67ی هەموو گەڕاوەکانی لەخۆگرتووە.

تەنانەت لەکاتێکدا گەڕانەوە لەنێو سوریادا بەرزبۆتەوە، رێکخراوەکە هۆشداریی دا لەوەی وڵاتەکە هێشتا شەپۆلێکی نوێی بەهێزی ئاوارەیی تێدایە.

راشیگەیاند: "لە کانونی دووەمه‌وه‌ بۆ تەمموزی 2017، بە خەمڵاندن 808,661 کەس ئاوارەبوون، زۆرێکیان بۆ دووەم یان سێیەم جار و کۆی گشتی زیاد لە شەش ملیۆن هێشتا ئاوارەن لەنێو وڵاتەکەدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500