هه‌واڵه‌كانی عێراق

پۆلیس: داعش لە پشت پلانی پوچەڵکراوەکەی فڕۆکە ئوسترالیەکەوەیە

پۆلیسی ئوسترالیا هەینی (4 ئاب) رایگەیاند گوایە پیاوێك لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە رێنماییکراوە بۆ ئەوەی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیتیحاد بخاتەخوارەوە، بۆ ئەوەش سەرنشینێکی گومانلێنەکراوی بەکارهێناوە بۆئەوەی تەقەمەنیەکەی بۆ هەڵبگرێت لەناو فڕۆکەکەدا، هەروەها کاریان لەسەر پلانێکی گازی ژەهراویش کردووە.

ئامێرە دەستکردەکە، بە بەکارهێنانی "تەقەمەنی پلە بەرزی سەربازی"، دەبوایە بە قاچاغ ببرێته‌ناو فڕۆکەکەوه‌ لە 15 تەمووز لە سیدنی، بەڵام هەوڵەکە پوچەڵکرایەوە بەرلەوەی بگەنە جێگای پشكنینی ئەمنی.

رەوشی ئەمنی توندکرایەوە لە فڕۆکەخانە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان دوایئەوەی شەممە چوار پیاو دەستگیرکران لە هەڵمەتێکدا لە سیدنی.

هەینی دوو پیاوی لوبنانی-ئوسترالی -- خالید خەیات، 49، لەگەڵ مەحمود خەیات، 32 -- بەتۆمەتی تیرۆریزم سزاداران و بە کەفالەت ئازادکردنیان لێ قەدەغەکرا. یەکێك لە چوار دەستگیرکراوەکە ئازادکرا بەبێ سزادان و یەکێکی دیکە لە لێپرسینەوەدایە.

پۆلیس دەڵێت یەکێکیان تەقەمەنیەکەی خستۆتەناو جانتای سەرنشینەکەوە. راپۆرتە ناوخۆییه‌كان دەڵێن خاوەنی جانتاکە برای بێتاوانی یەکێک لە پیاوەکانە.

دەسەڵاتداران گوایە پلانێکی دیکەیان پوچەڵکردۆتەوە، کە بریتیبووە لە "ئامێری بڵاوکردنەوە کیمیای" و دروستکراوە بۆ بڵاوکردنەوەی هایدرۆجین سه‌لفاید، بەڵام لە قۆناغەکانی سەرەتایدا بووە.

هایدرۆجین سه‌لفاید زۆر ژەهراویە و زۆربەی جار کوشندەیە بۆ ئەو کەسانەی ئاڵوده‌ی ده‌بن.

پۆلیس گومانی وایه‌ کە پلانی دووەم دوای سه‌رنه‌گرتنی پلانی یەکەم داڕێژراوه‌ و مه‌رج نه‌بووه‌ فڕۆکەیه‌ك بكاته‌ ئامانج.

وتیان پلانەکە لەلایەن "ئەندامێکی باڵای داعش" لە دەرەوەی وڵاتەوە به‌ڕێوه‌چووه‌.

پۆلیس ئاشکراینەکرد كێ ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ربه‌ داعش بووه‌، بەڵام وتیان گومان هەیە كه‌ پیاوەکان لەلایەن خزمێکیانەوە بەو کەسە ناسێنراون كه‌ ئەندامێکی باڵای داعشە لە سوریا.

شوێنی مه‌به‌ستی فڕۆکەکە ئاشكرانەکراوە، هەرچەندە راپۆرتەکان پێشتر وتیان گوایا بۆ ئەبوزەبی دەچوو. ئیتیحاد سەرەتای ئەم هەفتەیە رایگه‌یاند كه‌ هاوكاریی دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا ده‌كات له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یاندا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500