هه‌واڵه‌كانی عێراق

گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن فڕۆکەیەکی جەنگیی سوریایان خستۆتەخوارەوە نزیك بە ناوچەی ئاگربەست

گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن فڕۆکەیەکی جەنگیی حکومەتی سوریایان خستەخوارەوە سێشەممە (11 تەمموز) نزیك بە ناوچەی ئاگربەست لە باشووری وڵاتەکە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

دوو گروپی یاخی کە لە باشووری خۆرهەڵاتی سوریا چالاكن، سوپای شێرەکانی خۆرهەڵات و هێزەکانی ئەحمەد عەبدۆ، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە سێشەممە و رایانگەیاند فڕۆکەیەکیان خستۆتە خوارەوە.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە هێزەکانی ئەحمەد عەبدۆ، فارس مونجید، وتی: "فڕۆکەکە تەقەی لێکرا و خرایە خوارەوە لە ناوچەیه‌كی ژێردەستی رژێم. هیچ زانیارییەکمان دەربارەی فڕۆکەوانەکە نیە."

روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ پشتڕاستیکردەوە کە گروپە یاخییەکان لە گوندێکی نزیك بە سنووری کارگێڕیی نێوان پارێزگاکان و دەوروبەری دیمەشق و سوەیدا لە فڕۆکەکەیان داوە.

پارێزگای سوەیدا بەشێکە لە رێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست کە لەلایەن ئەمریکا، روسیا و ئەردەنەوە دانوستانی لەسەر کراوە و رۆژی یەکشەممە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو رێککەوتنە بۆتە هۆی ئارامی بۆ بەشێکی زۆر لەو پارێزگایانەی باسکراون -- دەرعا، قونەیترە و سوەیدا -- هەرچەندە باس لە هەڵگیرسانی پێکدادانی جارناجار دەکرێت.

لە سوەیدا، هێزەکانی حکومەت دووشەممە هێرشێکیان رێکخست بۆ سەر هێزەکانی ئەحمەد عەبدۆ و سوپای شێرەکانی خۆرهەڵات.

روانگەکە و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاند تا سێشەممە شەڕ بەردەوامبوو لەسەر چەند گرد و گوندێکی پارێزگاکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500