هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریای دیموکرات ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر گوندێکی ژێردەستی داعشدا لە رەققە

چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر گوندێکدا کە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کەمپێکی مەشقکردن و بنەکەیەکیان تێیدا هەبوو نزیك رەققە لە باکوری سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (11 تەمموز) رایگەیاند.

پێشڕەوییەکە لە کاتێکدایە ئەو هاوپەیمانێتییە عەرەبی-کوردییە شەڕی دەرکردنی داعش دەکات لە رەققە، یەکێك لە دوایین قەڵاکانیان لە سوریا.

ئەو هاوپەیمانێتییە درەنگانێکی دووشەممە رایگەیاند: "هێزەکانی سوریای دیموکرات گوندی ئەکه‌رەیشییان لە خۆرهەڵاتی شاری [رەققە] گرتووە و هێرشەکانی داعش بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو بۆ گرتنەوەی شکستیان هێناوە."

روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ رایگەیاند گوندەکە لەلایەن داعشەوە وەك بنکەی سەربازی و کەمپی مەشقکردن بەکاردەهات و بەناوی سەرکردەی کوژراوی قاعیدە ئوسامە بن لادنەوە ناونرابوو.

بەڵام بەگوێرەی روانگەکە ئەو گروپە رەشەکوژی لەنێو نزیکەی 200 ئەندامی خۆشیدا کرد لەو گوندەدا لە ساڵی 2015، بە کوشتنی ئەو چەکدارانەی تۆمەتبارکرابوون بە هەوڵدان بۆ جێهێشتنی ریزەکانی.

هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیکەی له‌سه‌دا 30 شاری رەققەیان ئازادکردۆتەوە لەوکاتەوەی چوونەناو بنکەکەی داعشەوە لە حوزەیراندا، دوای ئۆپەراسیۆنێکی چەند مانگە بۆ گرتنەوەی خاكی دەوروبەری پارێزگاکە.

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە سوریا و عێراق پاڵپشتی گرنگیان داوە بە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە هێرشی ئاسمانییەوە بۆ چەك و راوێژکاری بەرەی شەڕ.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500