هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی سوریای دیموکرات دوا رێچکەی هەڵاتنی داعش لە رەققە دەبڕن

هێزەکانی سوریای دیموکرات پێنجشەممە (29 حوزەیران) دوایین رێچکەی هەڵاتنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لە رەققە بڕی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند هێزەکانی سوریای دیموکرات دوو گوندیان لە باشوری رووباری فورات گرت کە داعش پێیاندا تێدەپەڕی بۆ کشانەوە لە شارەکە و توانیویانە لە رەققەدا "بەتەواوی گەمارۆیان بدەن".

چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشتر دوو گەڕەکی خۆرهەڵات و خۆرئاوای شارەکەیان گرتبۆوە و هەڵمەت دەبەن بۆ نێو شارەکە، کە داعش دەیان مەدەنیی تێدا راگیرکردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەوری گروپەکەیان گرتبوو لە باکور و خۆرهەڵات و خۆرئاواوە، بەڵام چەکدارانی هێشتا دەیانتوانی بەنێو روباری فوراتدا هەڵبێن، کە سنووری باشوری شارەکە پێکدەهێنێت.

پێشڕەوییه‌كه‌ی پێنجشەممە بووە هۆی ئەوەی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات گوندەکانی کەسرەت عەفنان و قەساب لە باشوری رووبارەکە بگرن و ئەو رێگایەیان بڕی کە داعش بەکاریدەهێنا بۆ کشانەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کۆنترۆڵی دەکات لە بیابانی سوریا و پارێزگای دێرەزوور.

بەڵام دەیان چەکداری داعش بە جلی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دژەهێرشێکیان به‌رپاكرد لە ناوەندی شارەکەوە، کە هێشتا له‌ژێرده‌ستیاندایه‌، بۆ سەر دوو گەڕەکی باشوری خۆرهەڵاتی شارەکە.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی سێ ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان تەقاندەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراویان نارد، شەش پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان گرت و چەندین چەکداریان کوشت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500