هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتوەکان راڕەوێکی نوێی کۆمەك لە سوریا دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئاوارەکانی رەققە

نەتەوە یەکگرتوەکان راڕەوێکی نوێی کۆمەکی کردەوە لە سوریا، پێنجشەممە (15 حوزەیران)، کە رەنگە یارمەتی گەیشتنی کۆمەك بە خەڵکی بێچارە بدات کە لە رەققەی بنکەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەڵدێن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەڕێوبەری تیمی کۆمەكی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە سوریا، جان ئێگه‌لاند، وتی: "ئێستا کارمەندانی بوێری مرۆیی چەند رۆژێکە گەشتدەکەن بۆ کردنەوەی راڕەوێکی نوێ لە حەلەبەوە بۆ خۆرئاوای قامیشلی."

کارمەندانی مرۆیی رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سەخت بوونەتەوە لە وەڵامدانەوەیاندا بۆ قەیرانی رەققە، کە تیایدا هێزەکانی سوریای دیموکرات شەڕدەکەن بۆ دەرکردنی داعش.

بە دەیان هەزار کەس هەڵاتوون، بەڵام دەرکەوتووە دەستڕاگەیشتن بە ناوچە دوورەکان سەختە. نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی بە کۆمەك فڕێدانە خوارەوەی گرانبه‌ها بەستووە بۆ قامیشلی، باکوری خۆرهەڵاتی رەققە، لە دیمه‌شقی ژێردەستی رژێمەوە.

ئێگه‌لاند وتی کاروانی زەمینی، کە کۆمەكی زیاتری پێدەگوازرێتەوە لەچاو کۆمەك فڕێدانە خوارەوەی گرانبه‌هادا لە ئاسمانەوە، تەنیا بژاردەی "ژیرانە"بوو.

بەڵام بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە به‌رامبه‌ر سەلامەتیی رێگەکان، کە لە 2013وە داخراون.

نەتەوە یەکگرتووەکان خەمڵاندوویەتی نزیکەی 170,000 کەس لە شاری رەققە و دەوروبەری هەڵاتوون تەنیا لە نیسان و ئایاردا و لەئێستادا بە هەزاران مەدەنی ئاوارەبوو لە کەمپە قەرەباڵغ و کەم-شمەکەکاندا دەژین. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینیی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەکان دەکات لەکاتێكدا شەڕی نێو شاری رەققە بەرەوپێش دەچێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500