هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق دەیان خێزان لە موسڵ ئازاددەکەن

نزیکەی 100 خێزان کە لە ناوچانەکانی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا دەژیان لە خۆرئاوای موسڵ پێنجشەممە (8 حوزەیران) گوازرانەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند.

وتەبێژی فەرماندەییەکە، عەمید یەحیا رەسوڵ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا وتی: "هێزە هاوبەشەکان نزیکەی 100 خێزانیان ئازادکرد لە گەڕەکەکانی زەنجیلی و شیفا."

وتی: "پێشڕەوییش بەدەستهاتووە و چەندین بینا گیراونەتەوە لە شەڕەکانی ئەمڕۆدا."

وتیشی: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش پێگە گرنگەکانی داعشیان لە خۆرئاوای موسڵ کردۆتە ئامانج و زیانیان بە گروپەکە گەیاندووە."

ئۆفیسی مافی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە رایگەیاند راپۆرتی متمانەپێکراوی هەیە کە لە 26 ئایارەوە داعش زیاتر لە 230 مەدەنی کوشتووە کە ویستوویانە لە موسڵ هەڵبێن.

بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ، زەید رەعد حسێن، سێشەممە توندڕەوەکانی تۆمەتبارکردبوو بە کوشتنی 163 مەدەنی لە 1 حوزەیران لە شیفا.

بەیاننامەکەی پێنجشەممە دوو تۆمەتی نوێی تێدابوو، لەنێویاندا رووداوی 26 ئایار کە دەوترێت داعش 27 کەسی کوشتووە کە ویستوویانە لە شیفا هەڵبێن، لەنێویاندا پێنج منداڵ.

بەگوێرەی ئۆفیسی مافەکان لە 3 حوزەیراندا، گروپەکە تۆمه‌تباركراوه‌ به‌ كوشتنی 41 مەدەنی لە هەمان گەڕەك کە ویستوویانە بەرەو هێزەكانی عێراق رابکەن.

حسێن وتی: "تەقەکردن لە منداڵ لەکاتێکدا لەگەڵ خێزانەکانیاندا بەرەو سەلامەتی هەڵدێن - هیچ وشەیەكی سەرکۆنەکردن هێندە بەهێزنیە بۆ کارێکی وەها قێزەون."

بەیاننامەکە راشیگەیاند بە كردنه‌ ئامانجی ئه‌و مەدەنییانه‌ی "راستەوخۆ بەشداریی دوژمنکارییەکان ناکەن، تاوانی جەنگە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500