هه‌واڵه‌كانی عێراق

سەرچاوەیەکی سەربازی: سوپای سوریا شارۆچکەیەکی حەڵەب دەگرێت لە داعش

سوپای سوریا یەکشەممە (4 حوزەیران) شارۆچکەیەکی سەرەکی لە دەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سه‌نده‌وه‌ لە رۆژهەڵاتی حەڵەب، بەمەش لە ئامانجەکەی نزیكبووه‌وە بۆ وەدەرنانی توندڕەوان لە ناوچەکەدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

گرتنه‌وه‌ی مەسکەنە لە بەری رۆژئاوای بەنداوی ئەسەد وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دێت کە لە ناوەڕاستی کانونی دووەم دەستیپێکرد بۆ وەدەرنانی توندڕەوان لە پارێزگاکە.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە میدیاکانی دەوڵەتی سوریای وت: "یەکە سەربازیەکان بەردەوامن لە پێشڕەویکردن لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەب و شوێنکەوتنی گروپە تیرۆرستیەکانی داعش."

سەرچاوەکە وتی: "ئاسایش و سەقامگیری گەڕێندراوەتەوە بۆ شارۆچکەی مەسکەنەی ستراتیژی و ژمارەیەك ناوچە."

مەسکەنە ئامانجێکی سەرەکیی سوپای سوریا بوو کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە پارێزگای رەققەی هاوسنوریەوە دوورە و پێدەچێت هێزەکانی سوریای دیموکرات بەمزوانە هێرشێك بۆ شاری رەققە دەستپێبکەن.

سوپای سوریا تائێستا پێناچێت هیچ دەورێك ببینێت لەو ئۆپەراسیۆنەدا.

سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ناوچەی مەسکەنە دوایین ناوه‌ندی گرنگی دانیشتوانە لە سنوری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەبدا پێش پارێزگای رەققە."

وتیشی: "هەرکەسێك مەسکەنە کۆنترۆڵ بکات ئەوا تەوەرەکانی نێوان شاری حەڵەب و رەققەش کۆنترۆڵ دەکات."

هەروەها وتی بوونی داعش لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵەب ئێستا "لە کۆتاییدایە."

سوپای سوریا زیاتر لە 200 شارۆچکە و گوندی گرتووە لەوکاتەوەی ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ی دەستپێکردووه‌ له‌ رۆژهەڵاتی پارێزگاکەدا دوای گرتنەوەی ناوەندی پارێزگاکە لە کانونی یەکەمدا.

سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، وتی داعش ئێستا تەنیا کەمێك "گوندی پەرشوبڵاوی لەژێردەستدایە کە دەتوانرێت بەئاسانی بگیرێنه‌وه‌ لە رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵاتی پارێزگای حەڵه‌بدا لە ناوچە بیابانیەکاندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500