هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق پێشڕەویی زیاتر رادەگەیەنن لە خۆرئاوای موسڵ

هێزەکانی عێراق نزیکەی نیوەی دوو گەڕەکیان لە خۆرئاوای موسڵ گرتۆتەوە کە ئامانجی هەڵمەتێکی فراوانن لەدژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە هەفتەی پێشوو دەستیپێکردووە، ئاژانسی فرانس پرێس هەینی (2 کانوونی دووەم) رایگەیاند.

عەمید حەیدەر عوبێدی، فەرماندەیەکی ئاژانسی دژە-تیرۆر، وتی: "یەکەکانمان ئێستا لە گەڕەکی سیحەن و (گرتنەوەی) 60% یان تەواوکردووە و هێشتاش پێشڕەویی دەکەن."

فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ، فەریق رائید شاکر جەودەت، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە هێزەکانی "بەردەوامن له‌ پێشڕەوییکردن بەووریاییەوە و دەستیانگرتووە بەسەر زیاتر لە 40%ی گەڕەکی زەنجیلیدا".

ئەمە دوانن لەو سێ گەڕەکەی کە ئامانجی ئێستای هێرشی هێزەکانی عێراقن، [گەڕەکی] سێیەمیان ناوچەی شیفای ئەو نزیکانەیە.

هەرسێ گەڕەکەکە کەوتوونەتە باکوری موسڵی کۆنەوە، کە تۆڕێکە لە شەقامی تەنگ و بینای نزیك بەیەك کە بۆتە بەربەستێکی سەرەکی بۆ هێزە ئەمنییەکان.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند هێزە رزگارکەرەکان شوێنکارێکی دروستکردنی بۆمبیان دۆزیوەتەوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكی گەڕاندا لە گەڕەکی حاوی کەنیسە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "هێزە ئەمنییەکان شوێنکارێکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیل و بۆمبی دەستکردیان لە حاوی کەنیسە دۆزییەوە، لەگەڵ مه‌ڵۆیه‌كی گەورە لە دەرمان و کاڵای تەندروستی کە هی داعش بوون."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500