هه‌واڵه‌كانی عێراق

وەزیرێکی فەرەنسی: هێرشبەره‌كه‌ی مانشستەر 'پێدەچێت' سەردانی سوریای کردبێت

ئەو خۆکوژەی 22 کەسی کوشت لە کۆنسێرتێك لە شاری مانشستەری بەریتانی "پێدەچێت" سەردانی سوریای کردبێت، وەزیری بەرگری فەرەنسا جێرارد کۆڵۆمب چوارشەممە (24 ئایار) رایگەیاند.

کۆڵۆمب بە تەلەفزیۆنی بی ئێف ئێمی وت هێزە هەواڵگریەکانی بەریتانیا هاوتا فەرەنسیەکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە سەلمان عابیدی خەڵکی لیبیا "لە بەریتانیا گەورە بووە و دواتر لەناکاو، دوای گەشتێکی بۆ لیبیا و ره‌نگه‌ دوای ئه‌وه‌ش بۆ سوریا، بووەتە توندڕەو و بڕیاریداوە ئەو هێرشە ئەنجامبدات".

کۆڵۆمب وتی "شیمانە" کراوە کە عابیدی هاوکاریی لە خەڵکی تر وەرگرتووە و ئاماژەیدا به‌وه‌ی كه‌ پەیوەندیەکان لەگەڵ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) "سەلمێنراون".

داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند بۆ سەر کۆنسێرتی گۆرانیبێژی ئەمریکی، ئاریانا گراندی، کە زۆربەی قوربانیەکان منداڵ بوون.

کۆڵۆمب وتی: "لەم ساتەدا ئێمە تەنیا ئەوە دەزانین کە لێکۆڵەرە بەریتانیەکان پێیان وتووین."

وەزیری بەرگری بەریتانیا، ئەمبەر رود، چوارشەممە بە رادیۆی بی بی سی وت "پێدەچێت، ره‌نگه‌" خۆکوژەکە "ئەمەی بەتەنیا نەکردبێت."

رود وتی ئه‌م کەسە كه‌ ته‌مه‌نی 22 ساڵە لەژێر چاودێریی لایه‌نه‌ هەواڵگریه‌كاندا بووە.

دوای دەستگیرکردنی پیاوێکی 23 ساڵه‌ سێشەممە، پۆلیس رایگەیاند كه‌ چوارشەممەش سێ کەسی تریان دەستبەسەرکردووە لە باشوری مانشستەر کە عابیدی لێی ژیاوە.

بەهۆی هێرشەکەوە، بەریتانیا زەنگی مه‌ترسیی تیرۆریزمی بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە بەهۆی ترسان لە هێرشێکی تیرۆریستیی نوێی چاوەڕوانکراوه‌وه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500