ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری پێشکەشدەکات بۆ زانیاری لەسەر دهستنیشانكردن یان دیاریکردنی شوێنی سەرکردەی بەرەی ئەلنوسرە، ئەبو محەمەد جولانی، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (10 ئایار) رایگەیاند.
پاداشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ زانیاری لەسەر جولانی یەکەمینجاریەتی بۆ سەرکردەیەکی گروپەکە، کە ئێستا ناوی لەخۆیناوە بهرهی فەتح ئەلشام و کاردەکات وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نوێی تەحریر ئەلشام.
جولانی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوه ناوبرا وەك "تیرۆریستێکی جیهانیی بهتایبەتی دهستنیشانكراو" و خراوەتە لیستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە.
لە تێبینیەکەیدا، وەزارەتەکە پیشانیدەدات کە جولانی بهڵێنی بە ئەلقاعیدە داوە لە نیسانی 2013 دوای شکستهێنانی لەگەڵ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و دووبارە ستایشی قاعیدەی کردووە لە گرتە ڤیدیۆیەکی سەر پێگە ئەلیکترۆنیەکاندا لە تەمووزی 2016.
وەزارەتەکە رایگەیاند: "لەژێر سەرکردایەتی جولانیدا، بەرەی ئەلنوسرە چەند هێرشێکی تیرۆرستیی ئەنجامداوە لەسەرانسەری سوریادا، کە بەزۆری خەڵکی مەدەنی کردۆتە ئامانج." ههروهها ئاماژەشیدا بە وردەکاریی چەندین هێرش.
هاوکات تەحریر ئەلشام سێشەممە هۆشداریدایە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا دژی جێبەجێکردنی پلانێك سەبارەت بە هەرێمی ئارام و رایگەیاند کە وەك خیانەتکار ئەژماردەکرێن.
تەحریر ئەلشام ئەو ههڕهشهیهی كرد وەك وەڵامی رێککەوتنێك کە لەلایەن تورکیا و ئێران و روسیاوە ئیمزاکرا لە کازاخستان هەفتەی رابردوو کە داوای دروستکردنی چوار "هەرێمی هێور" دەکات.
بەپێی رێککەوتنەکە، لایەنەکانی شەڕ دوژمنایەتی و هێرشی ئاسمانی رادەگرن بۆماوەی شەش مانگ، بەڵام رێککەوتنەکە ئاماژە بە کردنە ئامانجی گروپە توندڕەوەکان ناکات وەك داعش و بەرەی ئەلنوسرە.
تەحریر ئەلشام رێککەوتنەکەی بە "یەکسانبوون بە خیانەت" ناوزەدکرد و داوای لە هاوپەیمانانی کرد بۆ رێگرتن لەو گروپانهی هەوڵددهدهن بۆ پێشرەویکردن بهرهو سنورهكانی.