هه‌واڵه‌كانی عێراق

چاوەڕواندەکرێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببێتەوە ده‌رباره‌ی هەرێمی ئارام لە سوریا

یابان و سوید داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی وردەکاری درووست لەسەر رێککەوتنێکی پاڵپشتیلێکراو لەلایەن روسیاوە سەبارەت بە دروستکردنی هەرێمی ئارام لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (9 ئایار) رایگەیاند.

کۆبوونەوەکە کە پێدەچێت ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرێت یارمەتی ئەندامانی ئەنجومەنەکە دەدات بڕیاربدەن ئاخۆ رێککەوتنەکە پەسەند دەکەن کە لەلایەن روسیا و ئێران و تورکیاوە ئیمزا کرا.

ئەو رێککەوتنەی لە ئەستانەی پایتەختی کازاغستان ئیمزاکرا لە 4 ئایار داوای دروستکردنی چوار "هەرێمی هێورکردنەوە" دەکات بۆ بەرقەراکردنی ئاگربەستێك، قەدەغەکردنی سوڕانەوەی فرۆکەی سەربازی و رێگەدان بە گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمەی وەك هەنگاوێکی گرنگ ناوبردووە لەهەوڵەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی شەش ساڵە.

روسیا پڕۆژە بڕیارێکی پێشکەشی ئەنجومەنەکە کردووە کە پێشوازی لە رێککەوتنەکە دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پابەندی بەندەکان بن بەڵام هیچ دەنگدانێك دیارینەکراوە بۆ ئەو هەوڵە.

باڵوێزی فەڕەنسا، فرانسوا دیلاتر، وتی گرنگە کە ئەنجومەنەکە "هەموو روونکردنەوەیەکی پێبگات پێشئەوەی بچێتە سەر پڕۆژە بڕیارەکە".

بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت روسیا و ئێران و تورکیا هەتا 4 حوزەیران رازیبن لەسەر سنوری دیاریکراوی ئەو چوار هەرێمە لەو شوێنەی کە دەبێت شەڕ بوەستێت لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و رژێمدا.

دیپلۆماتکاران وتیان دەیانەوێت نەخشەکان ببینن بۆ بەڕوونی هەڵسەنگاندنی سنورەکە کە لە رێککەوتنەکەدا باسکراوە و یارمەتیدەردەبێت بۆ گەیشتنی کۆمەکی مرۆیی گرنگ.

باڵوێزی سوید، ئۆلۆف سکوگ، وتی: "ئێمە دەمانەوێت زانیاریی زیاترمان هەبێت."

رێککەوتنەکە لەلایەن رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆنەوە ئیمزا نەکراوە. وردەکاریی ئەوەی ئاخۆ چاودێرانی نێودەوڵەتی جێگیردەکرێن لەو ناوچانەدا بە ناڕوونی ماوه‌ته‌وه‌.

وەزیری دەرەوەی سوریا، وەلید موعەلیم، هەموو رۆڵێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی رەتکردۆتەوە لە چاودێریکردنی هەرێمە دیاریکراوەکاندا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500