هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوەکان کۆدەبنەوە بۆ پاراستنی پاشماوە دێرینەکان لە تێرۆریزم

ده‌ وڵات گروپێکیان پێکهێنا دووشەممە (24 نیسان) بە ئامانجی پاراستنی پاشماوە دێرینەکان لە توندڕەوانی هاوشێوەی ئەوەی بینرا لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ه‌وه‌ کە بووەهۆی وێرانكردنی شاری دێرینی تەدمور له‌ سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

عێراق، ئێران، یۆنان، ئیتاڵیا، چین، هیندستان، بۆلیڤیا، مەکسیك و پێرو -- کە هەموویان به‌شێك لە کۆنترین شوێنەواره‌ دێرینه‌كانی جیهان له‌خۆده‌گرن -- به‌شداربوون له‌و "مه‌كۆ"یه‌دا کە لە ئەسینا دەستیپێکرد به‌ئاماده‌بوونی وەزیر و باڵوێزه‌كانی ئەو وڵاتانە.

وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیکۆس کۆتزیاس، کە حکومەتەکەی سەرپەرشتیی پڕۆژەکە دەکات لەگەڵ چین، وتی گروپەکە پڕۆژەی هاوبەش بەڕێوەدەبەن بۆ پشتیوانیکردنی "گفتوگۆ لەدژی دەمارگیری و کولتور لەدژی تێرۆریزم."

شەڕکەرانی داعش دەستیانگرت بەسەر پاشماوە دێرینەکانی نەمرودا لە ئایاری 2015 و بەشێوەیەکی رێکخراو ئه‌و پەرستگایانه‌یان تێکشکاند و تاڵانکرد كه‌ له‌سه‌ر لیستی شوێنەواری جیهانی رێکخراوی یونێسكۆ بوو.

هەروەها گروپەکە شاری ئاشوریی نەمرودیان لە عێراق وێرانکرد بە شۆفڵ و تەقینەوە و تاڵانکردنی سەرمایەی پێش ئیسلام لە مۆزەخانەی موسڵ.

به‌گوێره‌ی وەزیری دەرەوەی یۆنان گروپی نوێی 10 وڵاتەکە دووبارە کۆدەبنەوە لە بۆلیڤیا ساڵی داهاتوو.

وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری، وتی: "ئێمە پشتیوانیی گفتۆگۆ دەکەین لەنێوان شارستانیەتەکاندا دژی لێنه‌بوورده‌یی کە داعش سیمبۆڵی ئەوەیه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500