هه‌واڵه‌كانی عێراق

گوازراوەکانی سوریا كه‌وتنه‌وه‌ڕێ دوای 48 کاتژمێر دواکەوتن

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگه‌یاند بە سەدان له‌و سورییانه‌ی گوازرابوونه‌وه‌، هەینی (21 نیسان) دیسان كه‌وتنه‌وه‌ڕێ، دوای ئەوەی بۆ 48 کاتژمێر گیریانخواردبوو لە خاڵێکی گواستنەوەی کاتی و لەوێ خۆکوژێك خۆی پێدا تەقاندنەوە و چەندین هاوشارییانی کوشت.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگه‌یاند دوانیوەڕۆی هەینی زۆربەی ئەو 45 پاسەی مەدەنی و چەکدارەکانی خه‌ڵكی شارۆچکە گەمارۆدراوەکانی فەوعە و کەفرایەی ژێر دەسەڵاتی رژێمیان هه‌ڵگرتبوو، ناوچەكانی كۆكردنه‌وه‌یان له‌ راشیدینی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن بەجێهێشت.

چەندین چەکداری ئۆپۆزسیۆن پاسەوانیی پاسەکانیان دەکرد لە راشیدین.

به‌گوێره‌ی روانگەکە 11 پاسی تریش لەسەر رێگا بوون کە مەدەنی و چەکدارەکانیان دەگواسته‌وه‌ لە زەبەدانی و دوو ناوچەی تری ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ لە نزیك دیمەشق.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولرەحمان، وتی پاسەکان لە فەوعە و کەفرایەوە چوونەناو حەلەبه‌وه‌.

پاسەکانی زەبەدانی و ناوچەکانی دەوروبەری بەرەو پارێزگای ئیدلیب رۆشتوون کە لە ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندایە.

سەرلەبەیانیی چوارشەممە تێکڕای 3,000 هاوڵاتی ماڵەکانیان لە فەوعە و کەفرایە بەجێهێشت وەك بەشێك لەو رێككه‌وتنه‌ی رێگەدەدات بە گواستنه‌وه‌ی مەدەنی و چەکداران له‌و ناوچانەوه‌ كه‌ لە ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندان و لەلایەن رژێمەوە گەمارۆدراون.

بەڵام خه‌ڵكه‌ گواستراوه‌كه‌ ده‌بوو دوو شەو لەناو پاسەکانیاندا بمێننه‌وه‌ لەو ناوچەیەی تیایدا كۆكرابوونه‌وه‌ بەهۆی ناڕازیبونی رژێم لە دوا ساتەکاندا بەوەی چەندین بەندکراو ئازاد بکات.

ئەبوعوبێدە، بەرپرسێکی ئۆپۆزسیۆن کە چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، لە راشیدین بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "دوای ئەوەی هەموو پاسەکان رۆیشتن 750 بەندکراو ئازاددەکرێن. خوای گەورە رازی لەسەر بێت ئەم پرسە چارەسەر دەبێت."

گواستنەوەکە هەفتەی رابردوو دەستیپێکرد و شەممە رۆشتنیان دواخرا دوای ئەوەی خۆکوژێك بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە خاڵی گواستنەوەی کاتی لە راشیدین 150 کەسی کوشت، کە 72 لەوانه‌ منداڵ بوون.

یەکەمجار ئاماری قوربانیەکانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ بە 126 کەس خه‌مڵێنرا، بەڵام دواتر روانگەکە ئاماری نوێی بڵاوکردوە و وتی چەندین کەسی دیکە کە لە هێرشەکەدا برینداربوون دواتر گیانیان لەدەستداوە بەهۆی برینەکانیانەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500