تاوانبارانی تەقینەوەکەی هەفتەی رابردوو لە سوریا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 120 کەس وەك کرێکاری كۆمهكی مۆریی خۆیان نواندبوو، لەوانەشە بەتایبەتی منداڵانیان کردبێتە ئامانج، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (20 نیسان) رایگەیاند.
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند لەناو قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکەی 15ی نیسان کە لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکەوە ئەنجامدرا لە خاڵێکی گواستنەوەی ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن کە خەڵکی مەدەنی لێوە دەگوازرایەوە، 68 منداڵ هەبوون و چەندین کەسی تریش برینداربوون.
نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ستیفن دی میستورا، بە رۆژنامەوانانی وت لە جنێف: "کەسێك کە تەنانەت وا خۆیپیشانداوە كۆمهك دابەشدەکات و سەرنجی منداڵانی راکێشاوە، بووەتە هۆی ئەو تەقینەوە ترسناکە."
بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، جان ئێگەلاند، لەهەمان کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا وتی کە هێرشکەرەکان وەك "خێرخواز خۆیان نواندووە."
هیچ گروپێك بەرپرسیارێتیی رانەگەیاندووە لە هێرشەکە بۆ سەر خاڵی گواستنەوەی راشیدین لە رۆژئاوای حەلەب، کە بە یەکێك لە کوشندەترین رووداوهكان دادەنرێت لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی شەش ساڵەی ناوخۆی سوریاوه.