هه‌واڵه‌كانی عێراق

پێکدادانەکانی سوریا چڕدەبنەوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشڕەویی بەرەو رەققە دەکات

پێکدادانەکان لە دەوربەری ئەو شارە باکورییە گرنگەی سوریا چڕبوونەوە سێشەممە (28 ئازار) دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دژە-هێرشێکی ئەنجامدا بۆ بەرگرییکردن لەخۆی دژی پێشڕەویی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بنکەی سەرەکیی خۆی لە رەققە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەکاریی بۆ هێرشێك دەکەن بۆ سەر دڵی بەناو "خەلافەت"ەکەی توندڕەوان.

بەشێكی گرنگی کەمپینەکە شەڕی شارۆچکەی گرنگی تەبقەی ژێردەستی داعشە لەسەر روباری فورات، لەگەڵ بەنداوەکەی تەنیشتی و فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی.

روانگەی سوریی بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند هێزەکانی سوریای دیموکرات درەنگانێکی یەکشەممە فڕۆکەخانەی تەبقەیان گرت و بەردەوامن روەو باکور بەرەو خودی شارۆچکەکە، بەڵام چەکدارانی داعش لە سێشەممەوە دووقات بەرگرییان کردووە.

بەڕێوەبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی: "شەڕەکە ئەنجامی دژە-هێرشێكی داعشە بۆ شەکەتکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیك فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقە."

وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ "بەهێزکردنی پێگەکانیان" نزیك بە فڕۆکەخانەکە پێش دوا هەڵمەتیان بۆ سەر شارۆچکەکە.

چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەر بەنداوی تەبقەشیاندا دا دوای ئەوەی هەینی دەروازەی باکورییان لەدەست داعش سەند.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات جیهان شێخ ئەحمەد وتی دوای وەستانێکی کورتی شەڕ رۆژی دووشەممە بۆ رێگەدان بۆ کارمەندانی تەکنیکی بۆ چوونە ناو پەیکەری بەنداوەکەوە، چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئۆپەراسیۆنەکانیان دەستپێکردەوە نزیك بە بەنداوەکە.

وتی: "داعش چەکدارانی خۆی کۆکردەوە و هێرشی کردە سەر هێزەکانمان لە ناوچەکە، کە ناچاریکردین وەڵامبدەینەوە و دەستبکەینەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ ئازادکردنی بەنداوەکە."

کارمەندانی تەکنیکی بە یاوەریی هیلالی سوری عەرەبی سێشەممە دەبینران کە خەریکی بەنداوەکە بوون تا بیخەمڵێنن ئایا ئاستی ئاو لەم چەند رۆژەی دواییدا بەرزبۆتەوە یاخود نا.

ئەندازیار لە بەنداوی تشرینی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارێزگای حەلەبی هاوسێ ئیسماعیل جاسم وتی: "تەقینەوە و پێکدادان هەڕەشەن بۆ سەر بەنداوەکە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین خۆیان لێی بەدووربگرن."

وتی: "ئاستی ئاوئێستا گونجاوە. ئێمە هاتین یەکێك لە دەروازەکان بکەینەوە بۆ کەمکردنەوەی فشار."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500