هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: 400,000 کەس 'گیریانخواردووە' لە رۆژئاوای شاری موسڵی کۆن

نزیکەی 600,000 کەس هێشتا لەژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دان لە ناوچەکانی خۆرئاوای موسڵ، لەنێویاندا 400,000 کەس کە "گیریانخواردووە" لە شاری کۆندا لە شێوەی بارودۆخێکی گەمارۆدراودا، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (23 ئازار) رایگەیاند.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان لە عێراق، برونۆ گێدۆ، بە رۆژنامەنوسانی وت لە جنێڤ لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە سەنتەرێکی گواستەوەی خەڵکی ئاوارە لە نزیك موسڵ: "ئەوان زۆر پێویستیان بە خۆراکە. ئەوان تۆقیون."

گێدۆ وتی ئەو خەڵکانەی گەیشتونەتە سەنتەری گواستنەوەی حەمام عەلیل بە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە باشوری دووەم گەورەترین شاری عێراق باسی ئەو بارودۆخە ناهەموارەیان کرد کە لێیهەڵهاتوون.

وتیشی: "سوتەمەنی و خۆراك و کارەبا دەگمەنن، خەڵك پەنایان بردۆتە بەر سوتاندنی کەلوپەلی ناوماڵ و جلوبەرگی کۆن و هەرشتێکی تر کە گەرمیانبکاتەوە لە شەودا چونکە هێشتا بارانی بەخوڕ دەبارێت و پلەی گەرما بە تایبەتی لە شەودا زۆر دادەبەزێت."

گێدۆ وتی نزیکەی 600,000 کەس هیشتا لەژێر دەستی داعشدان لەو %60 خاکی رۆژئاوای موسڵ کە هێشتا لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپەکەدایە، بەڵام ئەو ژمارەیە بەبەردەوامی دەگۆڕێت بەهۆی هەڵهاتنی خەڵکەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500