هه‌واڵه‌كانی عێراق

زیاتر لە 180,000 کەس ئاوارەبوون لە رۆژئاوای موسڵ

زیاتر لە 180,000 کەس هەڵهاتوون لە رۆژئاوای موسڵ و هێزەکانی عێراقیش بەردەوامن لە پێشڕەویکردن بەرەو ناو شارەکە، حکومەتی عێراق دووشەممە (20 ئازار) رایگەیاند.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند کە نزیکەی 111,000 کەس چونەتە شوینی حەوانەوە لە 17 که‌مپ و سەنتەرەکانی پێشوازی نزیك ناوچه‌كه‌ لەکاتێکدا زۆری تریش لەگەڵ خزمەکانیان ماونەتەوە.

حکومەتی عێراق دەڵێت دەتوانێت شوێنی نیشتەجێبوون بۆ 100,000 کەسی تر دابینبکات لە کەمپەکاندا، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەدات کە ده‌شێت ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بەرزبێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە "رێکخراوەکانی کاروباری مرۆیی خۆیان ئامادەدەکەن بۆ ئەو ئەگەرە کە 300,000 بۆ 320,000 کەسی تر لەوانەیە هەڵبێن لە هەفتەکانی داهاتودا."

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە یەکشەممە هێزەکانی عێراق شارۆچکەی نەبلوسیان گرتەوە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و ئاڵای عێراقیان لەسەر بیناکان هەڵکرد.

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە دیارونای وت کە هێزە هاوبەشەکان هەروەها ناوچەی باب ئەلبەیزیان گەمارۆداوە لە ناوەڕاستی موسڵدا، کە بووەتە هۆی گیرخواردنی شەڕکەرانی داعش لەناو ئەو شوێنەدا و زۆربەیانی ناچاركردووه‌ خۆیان بده‌ن بەدەستەوە.

رەسوڵ وتی: "هێزەکانی عێراق هیوادارن کە پرۆسەی رزگارکردنی دواین گەڕەکی شارەکە تەواوبکەن لە دوو هەفتەی داهاتودا ئەگەر کەشوهەوا هه‌ر ئاوا جێگیربێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500