هه‌واڵه‌كانی عێراق

یەکێتی ئەوروپا پلانی ئاوەدانکردنەوەی سوریا ئاشکرادەکات

یەکێتی ئەوروپا پلانێکی ئاشکراکرد سێشەممە (14 ئازار) بۆ پشتگیریکردنی ئاوەدانکردنەوەی سوریای وێرانبوو بەهۆی شەڕەوە، کە ناویناوە "پاداشت" بۆ هاندانی لایەنەکانی شەڕ تا بگەن بە رێککەوتنێکی ئاشتی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

پێش گرێدانی کۆنفڕانسی 5 نیسانی سوریا لە برۆکسل، سەرۆکی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، فێدریکا مۆگەرینی، پێشنیارەکانی ئاشکراکرد کە بابەتی هەمەجۆری تێدایە لە پاککردنەوەی ناوچەکەوە لە مین تا رێکخستنی هەڵبژاردنەکان.

مۆگەرینی وتی: "زۆربەی کات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆی ئامادەنەکردووە بۆ قۆناغی دوای شەڕ لەکاتی خۆیدا. ئەمجارەیان دەمانەوێت ئامادەبین."

مۆگەرینی وتی یەکێتی ئەوروپا "سەیری بارودۆخی دوای ئێستای کردووە وەك پاداشت لە ئاشتیدا کە دەتوانێت هانی لایەنەکان بدات لە سوریا بۆ گەیشتن بە چارەسەری پێویست."

وتیشی کۆنفڕانسی 5 نیسان هەلێك دەڕەخسێنێت بۆ لایەنەکان بۆ دەستپێکردنی هەماهەنگی هەوڵەکانیان لەئێستاوە.

بەڵگەنامەیەکی هاوشانیش کە لەلایەن کۆمسیۆنی ئەوروپاوە راگەیاندرا وتی هەنگاوی گونجاو بریتی دەبێت لە رێکخستنی هاوکاری دارایی بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە، لەناویاندا دابینکردنی ئاسایش، هەڵگرتنەوەی مین و چاودێریکردنی ئاگربەستەکە.

بەڵگەنامەکە رایگەیاند کە یەکێتی ئەوروپا هەروەها دەتوانێت یارمەتی چاککردنەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بدات بۆئەوەی پیشانی بدات کە ئاشتی سوودی راستەقینەی دەبێت و "پشتگیری نوسینەوەی دەستورێکی نوێ دەکات لەگەڵ رێکخستنی هەڵبژاردنەکان، بەزۆری لەڕێگەی هاوکاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان و دەستەیەکی چاودێری یەکێتی ئەوروپاوە بۆ هەڵبژاردن."

یەکێتی ئەوروپا بەبەردەوامی پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگ لە سوریادا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500