هه‌واڵه‌كانی عێراق

رژێمی سوریا وێستگەی ئاوی حەلەب لە داعش ده‌سێنێته‌وه‌

رژێمی سوریا و هێزە هاوپەیمانەکانی سێشەممە (7 ئازار) وێستگەیەکی ئاویان له‌ده‌ست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) گرته‌وه‌ کە ئاو دابیندەکات بۆ حەلەب، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "هێزەکانی رژێم ناوچەی خەنسەیان گرت و دەستیانگرت بەسەر وێستگەیەکی په‌مپكردنی ئاودا دوای پاشەکشەی داعش."

عەبدولڕەحمان وتی کە داعش هەڵهاتووە بەرامبەر هێرشی رژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی.

وێستگەی ئاوی خەنسە ئاو بۆ حەلەب دابیندەکات و دانیشتوانی ژێردەستی رژێم لە شارەکەدا بەبێ ئاوی بۆری مابوونەوە بۆ ماوەی 50 رۆژ لەوکاتەوەی داعش بڕیبوی.

هێرشەکەی رژێم لە پارێزگای حەلەب بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانی قورسی تێکەوتووە کە بووە هۆی ئاوارەبوونی بەلێشاوی خەڵکی مەدەنی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڵاویکردەوە کە لانیکەم 26,000 کەس هەڵهاتوون لە 25 شوباتەوە.

هاوکات دوو کەس رۆژی چوارشەممە کوژران لە بۆردومانی بنکەیەکی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا لەنزیك دیمەشق دوای کەمتر لە 24 كاتژمێر لە راگەیاندنی ئاگربەستێك.

عەبدولڕەحمان وتی: "پیاوێکی گەنج و ژنێك کوژراون لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر دوما،" کە گەورەترین شارۆچکەیە لە رۆژهەڵاتی ناوچەی غۆتەدا.

هەروەها هێرەشەکان شارۆچکەی عەربینیان کردە ئامانج و تۆپبارانی رژێم کرایە سەر حەره‌ستا کە بووە هۆی برینداربوونی چەندین کەس لە رۆژهەڵاتی غۆتە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500