پۆلیسی ئەڵمانیا رۆژی پێنجشەممە (2 ئازار) دوو سوریی دەستگیرکرد بە تۆمەتی كۆمهڵێك تاوانكاری لە گروپێکی توندڕەوی چالاكدا لە سوریا، لهوانه لەسێدرەدانی زیاتر لە 30 مەدەنیی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
داواکارانی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند سورییەکی 35-ساڵان گومانی ئەندامێتیی له بەرەی نوسرەدا لێدەکرێت، کە ئێستا ناوی خۆی ناوە بەرەی فەتح ئەلشام و تۆمەتبارکراوە بە 36 کەیسی تاوانی جەنگ لەبەر بەشداریکردنی لە کوشتاری بەکۆمەڵی کارمەندانی حکومەتی سوریادا ساڵی 2013.
کەسە سورییەکەی دیکە کە 26 ساڵە، دەوترێت ئەندامی هەمان گروپ بووە و تۆمەتبارکراوە بە بەڕێوەبردنی دارایی و ئۆتۆمبیل و چەكهكانی یەکەیەکی گروپهكه.
ئەو کەسانە لەلایەن پۆلیسی ویلایەتە خۆرئاواییەکانی بادن-ڤوێرتمبێرگ و نۆرس راین-ڤێستفالیاوه دەستبەسەرکران، کە شوێنەکانیشیان پشکنین.
داواکارانی فیدراڵی ئەڵمانی نزیکەی دوانزە کەیسی لێکۆڵینەوەیان کردۆتەوە دەربارەی ئەگەری تاوانی جەنگ کە لە سوریا وعێراق ئەنجامدرابێت، لەگەڵ دەیان کەیسی دیکەی گومانلێکردن لە ئهندامێتی لە گروپێکی توندڕەودا.