دوو پەیکەری دەگمەن کە رزگاربوون لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شاری نەمرودی دێرین و لە ئیتاڵیا چاككراونهتهوه، گەڕێندرانەوە بۆ سوریا، بەرپرسی شوێنەوارهکانی وڵاتەکە رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە (1 ئازار).
مەعمون عەبدولکەریم بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "هەردوو پەیکەرەکە سێشەممە گەڕێندرانەوە بۆ سوریا و خرانەپاڵ ئەو 400 ئاسهوارهی لە نەمرود رزگارکراون."
دوای دۆزینەوەیان لەلایەن هێزە سەربازیەکانی سوریاوە، هەردوو پەیکەرەکە بەخراپی شێوێندرابوون کە پێدەچوو بە چەکوش لێیاندرابێت. ئەمانە تاکە ئاسهوار بوون کە لە بیابانەکە بهێندرێنە دەرەوە بەبێ ئەوەی بدزرێن.
تەکنەلۆژیای مۆدێرن بەکارهاتووە لە چاککردنەوەیاندا، کە وەك رێزلێنانێكیش دانراوە بۆ خالید ئەسەد، سەرۆکی پێشوی شوێنەوارە دێرینیەکانی نەمرود، کە ساڵی 2015 لەلایەن داعشەوە کوژرا، لە تەمەنی 82 ساڵیدا.
هەردوو پەیکەرەكه -- یەکێکیان هی ئافرەتێك و ئەویتریان هی پیاوێك -- لە مۆزەخانەی دیمەشقەوە چوارشەممە گوازرانەوە بۆ جێگەیەکی ئاشکرانەکراو.
عەبدولکەریم وتی چاککردنەوەی پەیکەرەکان "یەکەمین هەنگاوی راست و باشی دیارە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناویەتی بۆ پاراستنی کەلەپوری سوریا."
وتیشی: "ئەمە بەشێکە لە دیپلۆماسیهتی كولتوری کە رێ له هەماهەنگی ناگرێت لەنێوان خەڵکی وڵاتانی جیاوازدا بۆ روبەڕوبونەوەی توندڕەوی و دڕندەیی."
هەروەها وتی: "لە کۆتاییدا، کەلەپوری سوریا کەلەپوری مرۆڤایهتییە."
پەیکەرەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی دوو و سێ و لەڕێگەی لوبنانەوە گواستراونەتەوە بۆ رۆما.
تیمێکی پێج کەسی شارەزا کاریانکرد لەسەر چاککردنەوەیان بۆ مانگێك کە بەزۆری جەختیان لەسەر دەموچاویان دهکرد.
یەکێك لەوانەی کاریانکردووه له چاككردنهوهیاندا، ئەنتۆنیۆ لاکارینۆ، وتی: "ئەوەی داعش تێکیشکاند، ئێمە بنیادمان نایەوە. لەڕێگەی کولتورەوە، ئێمە شەڕێکی ئایدیۆلۆژیمان ئەنجامدا."