هاوڵاتیەکی سویدی رۆژی پێنجشەممە (23 شوبات) بە شەش مانگ زیندانی حوکمدرا لەبەر هاندانی خەڵك بۆ پشتگیریی دارایی له "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەڕێی فەیسبوکەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
لەسهر ئهكاونتی فەیسبوكی ئەحمەد قادان، 34 ساڵ، پۆستێك کە بە سویدی نووسراوە و لە 21 ئابی 2013 دا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: "یارمەتیمان بدەن بۆ پێشکەشکردنی چەك بۆ براکانمان لە بەرە [ی شەڕدا] بۆ تۆڵەکردنەوەی برا و خوشکەکانیان."
دادوەری دادگای قەزای مالمۆ، لێنارت ستریناس، وتی کەیسی لەمشێوەیە پێشتر لە سوید نەبووە.
وتی: "ئەو تاوانەی ئەو پیاوە ئەنجامیداوە رەنگە لە قۆناغێکی سەرەتاییدا بێت لە زنجیرەی رووداوەکاندا بەڵام دەکرا سەربکێشێت بۆ تاوانێکی تیرۆرستی."
دادگاکە رایگەیاند ئەوانەی پۆستەکەیان خوێندبۆوە داوایان لێکرابوو پەیوەندیبكهن بە دوو پیاوی ناوبراوەوە تا ژمارەی حسابێکی بانکییان پێبدرێت کە پارەی بۆ بنێردرێت. یەکێك لەو پیاوانەی لە پۆستەکەدا ناوی هێنراوە بە پشتیوانیکاری دارایی تێرۆرزم ناوزەدکراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپاوە.
دادگاکە رایگەیاند پۆستەکان "بەشێوەیەك بڵاوکراونەتەوە کە هەر کەسێك دەستی بە ئینتەرنێت رابگات دەتوانێت بیانخوێنێتەوە، تەنانەت خەڵکانێك کە حسابی فەیسبوکیان نەبێت".
نزیکەی 300 کەس سویدیان جێهێشتووە تا لهپاڵ گروپە توندڕەوەکاندا شهڕبکەن لە سوریا و عێراق، بەگوێرەی دەزگای هەواڵگریی سوید، ساپۆ.