هه‌واڵه‌كانی عێراق

کاروانی کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکان تاڵانکرا لە سوریا و هێشتا رێ داخراوه‌ به‌ رووی کۆمەكدا

کاروانێك کە کۆمەکی دەهێنا بۆ ناوچەیەکی گەمارۆدراو لە سوریا لەلایەن چەکدارانەوە دەستی بەسەرداگیرا و کۆمەکەکەیان تاڵانکرد و لە شۆفێرەکانیان دا چەند رۆژێك پێش دەستپێکردنی وتوێژی ئاشتی پێنجشەممە (23 شوبات)، بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان چوارشەممە رایگەیاند.

بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفن ئۆبرایان، بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت بڕیاربوو دوو کاروانی کۆمەك بگەنە ناوچەی وەعری ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لەنزیك حومس، بەڵام یەکێكیان یەکشەممە ناچارکراوە بگەڕێتەوە بەهۆی تەقەی قەنناسەوە لە رێگادا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ئۆبرایان وتی رۆژی دواتر بۆردومان و تەقەی گولـلە رێگەیگرت لە بارهەڵگرەکان به‌ گەیشتن بە شارۆچکەکە بەڵام لەڕێگەی گەڕانەوەدا بۆ مه‌خزه‌نێك، چەکدارەکان رێگەی کاروانەکەیان گۆڕیوە بۆ ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی رژێم.

وتیشی: "شۆفێرەکان و بارهەڵگرەکان بەشێوەیەکی کاتی دەستیانبەسه‌رداگیراوە و ده‌وترێت كه‌ چەند شۆفێرێك لێیاندراوە، بەڵام دواتر رزگارکراون بەبێ کۆمەکە مرۆییەکان و هەمویان سەلامەتن و رێوشوێنیان زانراوه."

نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی رابردوو داوای لە رژێمی سوریا کرد رێگە بە کۆمەکەکە بدات بۆ گەیشتن بە وەعر وەك "نیازپاکییەك" پێش دەستپێکردنی وتوێژی ئاشتی پێنجشەممە لە جنێف.

ئۆبرایان روداوەکەی ئیدانەکرد و وەك "بەئاشکرا رێزنەگرتنی پاراستنی کرێکارانی کۆمەکی مرۆیی" ناوزەدکرد و وتی هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ گەیشتن بە وەعر کە 50,000 مەدەنی نزیكه‌ی چوار مانگه‌ هیچ کۆمەکێکیان پێنه‌گه‌شتووه‌.

وتیشی لە شارۆچکە گەمارۆدراوەکانی مەدایە و کەفرایەش پێنج کەس مردوون لەم رۆژانەی دواییدا، لەناویاندا دایکێك کە لەکاتی منداڵبووندا گیانی لەدەستداوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500