هه‌واڵه‌كانی عێراق

سەرۆکی رێکخراوێکی کۆمەکبەش: قەیرانی سوریا هێشتا 'مەترسیدارە'

سەرۆکی رێکخراوی لیژنەی رزگاركردنی نێودەوڵەتی و وەزیری پێشوی دەرەوەی بەریتانیا، دەیڤد میلیباند، سێشەممە (16 شوبات) وتی کە قەیرانی مرۆیی لە سوریای وێرانبوو بە جەنگ هێشتا "مەترسیدارە" سەرەڕای ئاگربەستێکی ناسك، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

میلیباند لە پەراوێزی کۆنگرەی گەشتیاری جیهانی لە ئەستەنبوڵ وتی: "ئەو راستیەی کە چڕی جەنگه‌كه‌ کەمبووەتەوە وایکردووە کە بایەخی میدیاش کەمبێتەوە لەسەر ئەو قەیرانە مەترسیدارانەی لە ناو سوریادا هەن."

وتیشی کە هێشتا "حەوت ملیۆن کەس هەن کە ئاوارەبوون لە ماڵەکانیان و وردە شەڕیش بەردەوامە کە خەڵك دەتۆقێنن لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەدا."

میلیباند، کە رێکخراوی لیژنەی رزگاركردنی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبات لە 2013وە، وتی کارێکی لەپێشینەی ئەوەیە "قەناعەت بە خەڵك بکات کە وانەی مێژوو ئەوەیە کاتێك جیهان قەیرانە مرۆییەکان لەبیردەکات دووبارە دەبنەوە بە کێشەی سیاسی."

وتیشی: "ئەوانە تەنیا کێشەی فریاگوزاری مرۆیی نین، بەڵکو دەبن بە کێشەی فریاگوزاری سیاسی."

"ئەمە شتێکە کە له‌میانه‌ی قەیرانی سوریادا بووەتە مایەی کێشەی گەورە نەك تەنیا لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لە سەرانسەری ئەوروپاشدا. ئەوە شتێکە کە بەڕاستی ناتوانین بەرگەی بگرین."

لەگەڵ بڵاوبونەوەی کێشەکاندا لە ناوچەکانی یەمەن و باشوری سودان، میلیباند وتی سیستەمی كۆمه‌كی جیهانی تەنیا روبەڕوی قەیرانی سوریا نەبۆتەوە بەڵکو رووبەڕووی قه‌یرانی تریش بووەتەوە کە توانای سیستەمی کۆمەکی مرۆییان تێپەڕاندووە.

وتیشی کە سروشتی کێشەکانی کۆمەکی مرۆیی جیاوازە چونکە ئاوارەکان بەزۆری لە شاردا دەژین نەك لە کەمپدا و بۆ ماوەیەکی درێژیش لە وڵاتی داڵدەدەردا دەمێننەوە.

میلیباند وتی: "کەمتر ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاوارەکان لە کەمپدا بن لەم رۆژگارەدا."

وتیشی: "ئاوارەکان بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لە دەرەوەی وڵاتەکانیانن، کەواتە دەبێت بیر لە پەروەردە و كاریش بکەینەوە نەك تەنیا بژێویان کاتێك کە باسی سیاسەتی ئاوارەکان دەکرێت."

هەروەها وتی: "پێویستە کۆمەکیش بەجیاوازی پێشکەشبکرێت. پێویستە ئەولەویەت بدەین بە خستنه‌سه‌ركار و پەروەردە لەگەڵ سیاسەتی کۆمەڵاتی. پێویستە باس لە پێویستیەکانی ئاوارەی شاره‌كانیش بکەین."

"پێویستە چاکسازی لە سیستەمەکەدا بکەین و فراوانی بکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500