هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ: رژێمی سوریا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە لە حەلەب

هێزەکانی رژێمی سوریا لانیکەم هەشت هێرشی کیمیاییان ئه‌نجامداوه‌ لە هەفتەکانی کۆتایی شەڕی حەلەبدا، کە نۆ کەسیان کوشتووە، لەنێویاندا چوار منداڵ و سەدان کەسی تریان برینداركردووه‌، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دوشەممە (13 شوبات) رایگەیاند.

رێکخراوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ شایەتحاڵاندا کردووە و وێنەی کۆکردۆتەوە و ڤیدیۆکانی پشکنیوە كه‌ دەریدەخەن بۆمبی کلۆرین لەلایەن هه‌لیکۆپتەرەکانی رژێمه‌وه‌ خراوەتە خوارەوە لەکاتی هێرشەکەی 17 تشرینی دووەم تا 13 کانونی یەکەمدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەگوێرەی رێکخراوەکە نزیکەی 200 کەس برینداربوون بەو گازە ژەهراویانەی بەکارهاتوون بۆسەر ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە شارەکەدا.

راپۆرتەکە وردەکاریی هێرشەکە باسدەکات بۆ سەر پارك و نۆرینگە و شەقامه‌كانی ناو گه‌ڕه‌كه‌كان و خانوەکان کە چەندین کەسی توشی تەنگەنەفەسی و رشانەوە و بورانەوە کرد.

رێکخراوەکە رایگەیاند هێرشەکان، کە پێدەچێت لەلایەن سێ هه‌لیکۆپتەرەوه‌ ئەنجامدرابن بەیەکەوە، لەو ناوچانە رویاندا کە هێزەکانی رژێم جێگیرکرابوون بۆ پێشڕەویکردن.

جێگری بەرپرسی فریاگوزاریەکانی رێکخراوەکە، ئۆلێ سۆلڤانگ، وتی: "شێوازی هێرشەکانی کلۆرین ئەوە پیشاندەدات کە بە هەماهەنگی کراوە لەگەڵ تێکڕای ستراتیجی سەربازی بۆ گرتنەوەی حەلەب نەك کاری چەند ئەندامێکی چەپەڵ بوبێت."

رێکخراوەکە رایگەیاند کە توانیویەتی هەشت هێرشی بۆمبی کلۆرین بسەلمێنێت، ئاماژەشیدا کە ژمارەی راستەقینەی هێرشە کیمیاییەکان لەوانەیە زیاتر بێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500