هه‌واڵه‌كانی عێراق

بەرپرسان: گۆڕی بەکۆمەڵ لە خۆرئاوای عێراق دۆزرایەوە

سەربازە عێراقییەکان دوو گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزییەوە کە لاشەکانی هەر کرابوون بە ژێر خۆڵەوە و لاشەی ئەو کەسانەیان تێدابوو کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە لە بیابانی خۆرئاوای روتبە گوللەبارانکرابوون، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (9 شوبات) رایگەیاند.

نەقیبێك لە فیرقەی 1ی سوپا وتی: "سوپای عێراق دوو گۆڕی بەکۆمەڵیان لە روتبە دۆزییەوە کە لاشەی ئەندامانی هێزی ئەمنی و مەدەنییان تێدابوو."

وتی ئاماژە سەرەتاییەکان بەرەو ئەوە دەچن کە قوربانییەکان لەلایەن داعشەوە گوللەباران کراون کاتێك شارۆچکەکەیان گرت لە ناوەڕاستی 2014دا.

روتبە کە شارۆچکەیەکی بچووکە و بەهایەکی ستراتیژیی هەیە، لەسەر رێگای ئەردەنە و نزیکەی 390 کیلۆمەتر لە خۆرئاوای بەغداوەیە.

قایمقامی ئەو شارۆچکەکەیە کە ئایاری پێشوو لەدەست داعش سەندرایەوە، وتی یەکێك لە گۆڕەکان لە پارچە زەوییەکەدا و لە گەڕەکێکی ناوەندی شارۆچکەکەدا دۆزرایەوە کە پێشتر بۆ فڕێدانی پاشەڕۆی نەخۆشخانە بەکاردەهات، ئەوی تریش کەوتبووە کەناری باشووری روتبەوە.

عیماد مەشعەل وتی: "ئەو لاشانەی بینیومانن جێگەی گوللەیان پێوەیە... ژمارەی تەواوی لاشەکان نازانین چونکە ئەو کارە بۆ تیمی لێکۆڵەری پزیشکی جێدەهێڵین، بەڵام پێشبینی دەکەین ژمارەیان نزیکەی 25 کەس بێت."

بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەنبار لیوا هادی کەسار ئەرزیجی بە دیارونای وت: "یەکێك لەو دوو گۆڕانە لاشەی دوو لاوی تێدایە کە تەمەنییان لە خوار 18 ساڵەوەن."

روتبە شارۆچکەیەکی زۆر دابڕاوە لە بیابانی پارێزگای ئەنبار. چەکدارانی داعش چەندین جار هێرشیانکردۆتە سەر شارۆچکەکە لەوکاتەوەی کە هێزە ئەمنییەکان گرتوویانەتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500