هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی بەدەستهێنانی 3.5 ملیار دۆلار دەدات بۆ ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا

نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە (6 شوبات) داوای لە وڵاتانی کۆمەکبه‌خش کرد لە ماوەی دوو سااڵی داهاتوودا 3.5 ملیار دۆلاری بۆ دابینبکەن بۆ باشترکردنی پەروەردە و ئاستی ژیانی نزیکەی سێ ملیۆن ئاوارەی سوری کە لەلایەن تورکیاوە داڵدەدراون، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بڕی 3.5 ملیار دۆلار بۆ دوو ساڵی داهاتوو بەشێکە لە پاکێجێکی 4.6 ملیار دۆلاری کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵی بۆ دەدات بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان، لەنێویاندا ئەوانەی لوبنان و ئەردەن و میسر.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تورکیا 2.75 ملیۆن سوریی لەخۆگرتووە -- لەوانەش 300,000 کەسیان لە کەمپەکاندا دەژین و 2.45 ملیۆنیان لە نێو خەڵکیدا دەژین.

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند تا ساڵی رابردوو پلانی کارڕاییکردنی تورکیا "لەنێو ئەو وڵاتانەدا کە لەهێڵی پێشەوەی لەخۆگرتنی ئاوارە سوریاییەکاندا بوون، كه‌مترین كۆمه‌كی دارایی پكرابوو".

به‌گوێره‌ی یونیسێف، ئەولەویەتی پاڵپشتیی دارایی پەروەردەیە، چونکە 380,000 یان 40٪ ی منداڵانی سوریا لە تورکیا ناچنە خوێندنگە.

پلانەکە نیازی وایە خۆراکپێدانی ئاوارەکانی سوریاش باشتربکات، رێیان پێبدات سوود لە خزمەتگوزاریی تەندروستی وەربگرن و هانی دەرفەتی کاریان بۆ بدات.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرته‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی پلانەکەی وتی كه‌ هەژاری باوە لەنێو خەڵکی سوریادا لە تورکیا، کە 80٪ یان لە باشوری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە ناونوسکراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500