هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: پێدەچێت 250,000 عێراقی له‌ موسڵ هه‌ڵبێن لەگەڵ نزیكبوونه‌وه‌ی شەڕ له‌ خۆرئاوا

پێدەچێت نزیکەی چارەکە ملیۆنێك عێراقی لە ماڵەکانیان هەڵبێن دوای ئەوەی شاری موسڵ شەڕی زیاتر لەخۆدەگرێت لە خۆرئاوای شاره‌كه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی زۆری تێداده‌ژی، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا رۆژی هەینی (3 شوبات).

وتەبێژی رێکخراوی کاروباری ئاوارەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ماسێو سەڵتمارش، وتی رێکخراوەکە لەگەڵ دەزگاکانی تر بە خێرایی ئامادەکاریدەکەن بۆ وەڵامدانەوەی "شەپۆلێکی گەورەی نوێی ئاوارەکان کە هەڵدێن لە قۆناغی کۆتایی هێرشی سەربازی لە خۆرئاوای موسڵ،" ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

سەڵتمارش وتی: "ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان گیریانخواردووە لە خۆرئاوای موسڵ و ئێمە بەدڵنیاییەوە بەپەرۆشین سەبارەت بە گوزەرانیان" و ئاماژەی به‌وه‌ش دا کە نزیکەی 750,000 مەدەنی لەوێ دەژین.

وتیشی زۆربەی ئەوانه‌ی پێشتر ئاوارە بوون لە موسڵ، %83، لە کەمپەکان و بنکەکانی فریاکەوتندا دەژین.

رێکخراوەکە لە ئێستادا حەوت کەمپی تەواوکردووە و دوو کەمپی تریش لەژێر کارکردندان و لەمکاتەدا دەتوانن 66,000 ئاوارە لەخۆبگرن.

سەڵتماش وتی رێکخراوەکە ئامانجیەتی لە ماوەیەکی کەمدا دوو هێندە شوێنی داڵده‌دان زیادبکات بەڵام چاوەڕێیە زەویی بۆ دابینبکرێت.

وتیشی رێکخراوەکە هیواخوازە تا کۆتایی مانگی ئازار بتوانێت شوێنی داڵده‌دان بۆ 246,930 کەس دابینبکات لە کەمپەکان و بنکەکانی فریاگوزاریدا.

هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، نەجمەدین کەریم جبوری، بە دیارونای وت کە ‌هێزەکانی سوپا و پۆلیس و دژەتیرۆر دەستیانکردووە بە گرتنەوەی شوێنی نوێ لە شەش بەرەوە لە دەوروبەری موسڵ، وەك ئامادەکاری بۆ شەڕەکە.

جبوری وتی: "هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی ئاسمانی دابیندەکات بۆ هێزەکانمان." ئاماژەی به‌وه‌ش دا کە بۆردومانەکانی هەینی بۆ سەر بنکەکانی داعش زیانێکی زۆریان بە گروپەکە گەیاندووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500