هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان دەستدەکاتەوە بە فڕێدانە خوارەوەی خۆراك لە دێرە زوری سوریا

نەتەوە یەکگرتووەکان سێشەممە (31 کانونی دووەم) رایگەیاند کە دەستیکردۆتەوە بە فڕێدانە خوارەوەی هاوکاری بەپەلە لە ئاسمانی دێرە زوری سوریاوە دوای وەستانی کۆمەکەکە بۆ نزیکەی دوو هەفتە بەهۆی قورسی شەڕەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە 15 کانونی دووم فرێدانەخوارەوەی هاوکاریەکانی راگرت لە رۆژهەڵاتی شارەکەدا بەهۆی شەڕی قورسەوە دوای هێرشێکی سەخت لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

داعش لە 2015 گەمارۆی دێرە زور و 100,000 دانیشتوانەکەی داوە و بەشێکی زۆری شارەکەی تائێستا کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا پێشڕەوی زیاتریکرد بەرەو سنوری ژێر دەستی رژێم، کە بووە هۆی پێکدادانی سەخت و بۆردومانی قورس لەلایەن رژێم و هاوپەیمانەکانیەوە.

رێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە یەکشەممە دەستیکردۆتەوە بە خستنەخوارەوەی هاوکاریەکان -- کە ئەمە تاکە رێگایە بۆ گەیاندنی کۆمەك بە شارەکە -- دوای دۆزینەوەی "ناوچەیەکی نوێ و سەلامەت بۆ خستنەخوارەوەی کۆمەکەکە."

وتەبێژی رێکخراوەکە، بێتینا لۆیشەر وتی: "ئێمە خۆشحاڵین کە دەتوانین بەردەوامبین لە هێنانی خۆراكی ژیان پارێز و کۆمەکی تر بۆ ئەو شارە گەمارۆدراوە."

لوێشەر رایگەیاند کە رێکخراوەکە نەیتوانیوە کە رێگە کۆنەکە بەکاربهێنێت بەهۆی "مەترسیەکی واقیعی بۆ خۆبەخشەکان لە ناوچەکەدا."

رێکخراوەکە راشیگەیاند کە لەوەتی ناردنی کۆمەك بۆ دێرە زور دەستی پێکردوە لە مانگی نیسان، نەتەوە یەکگرتووەکان 179 جار کۆمەکی خستۆتە خوارەوە، کە زیاتر لە 3,340 تەن خۆراك و کۆمەکی تریان لەخۆگرتبوو و هاوکاری نزیکەی 93,500 کەس کراوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500