هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق خۆرهەڵاتی موسڵ پاکدەکەنەوە پێش ئەوەی بکشێن بەرەو کەناری خۆرئاوای شارەکە

هێزەکانی عێراق پێنجشەممە (19 کانونی دووەم) شەڕی دوایین پاشماوەکانی توندڕەوەکانیان کرد لە خۆرهەڵاتی موسڵ دوای ئەوەی فەرماندەکان سەرکەوتنیان لەوێ راگەیاند و بەپەلە چاویان بڕیوەتە خۆرئاوای شارەکە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ژەنەراڵ تالیب شەغاتی، کە سەرۆکی ئاژانسی دژە-تیرۆرە کە پێشڕەوی شەڕی موسڵ دەکات، چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی گەورەدا رایگەیاند کە بەشی چەپی موسڵ "ئازادکراوە" .

هێزەکانی عێراق رۆژی هەینی هێشتا لە شەڕدا بوون لەوێ و چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان دەردەکرد لە گەڕەکەکانی باکوری خۆرهەڵاتی رووبارەکە.

فەرماندە لە ئاژانسی دژە-تیرۆر فەریق عەبدولغەنی ئەسەدی رۆژی هەینی بە دیارونای وت: "ئەمڕۆ ناوچە دارستانییەکان و ناوچەکانی دۆرمان گرتەوە، چەکدارانی داعشیش بە کۆمەڵ دەکشانەوە و هەندێکیان بە مەلە هەڵدەهاتن بۆ بەشی ئەوبەری دیجلە."

پێنجشەممە، هێزەکانی عێراق شارۆچکەی تەلکێفیشیان گرتەوە ، کە لە باکوورە، کە چەندین هەفتە بوو ئابڵۆقەیان دابوو.

فەرماندەکان وتیان تەنیا چەند ناوچەیەکی کەم لە بەشی خۆرهەڵات ماوە پاکبکرێنەوە، لەنێویاندا گەڕەکی راشیدییە.

ئەسەدی وتی: "زیاد لە 4,000 چەکداری داعش کوژراون یاخود بریندارابوون لە شەڕەکانی خۆرهەڵاتی موسڵدا،" وتیشی هێزەکانی عێراق بڕێکی گەورەی چەك، شمەك و ئۆتۆمبیلیان دەستبەسەراگرتووە کە هی گروپەکە بووە.

وتی: "لە ئێستادا گەڕەکە رزگارکراوەکان پاکدەکەینەوە، کە بریتیین لە زیاد لە 95%ی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ و یاریدەی دانیشتوانی ئەو شوێنانە دەدەین."

هەر کاتێك بەشی خۆرهەڵاتی موسڵ بەتەواوی زامنکرا، هێزەکانی عێراق ئامادەکاریی دەکەن بۆ پێشڕەویی بەرەو خۆرئاوای رووبارەکە، کە کەمێك بچووکترە بەڵام دانیشتوانی چڕترە.

"بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پلانێکمان داناوە بۆ هێرشکردنە سەر بەشی خۆرئاوای موسڵ،" ئەسەدی وتی: "لە شەڕی خێرادا رووبەڕووی داعش دەبینەوە لەوێ تا دڵنیابین لەوەی دەرفەتی هەڵاتنیان نیە."

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس وتەبێژی هاوپەیمانێتییەکە عەقید جۆن دۆریان، وتی شەڕەکە سەخت دەبێت بەڵام وتیشی توندڕەوەکان لە دوای تشرینی یەکەمەوە زۆر لاوازبوون.

وتی: "چەکداری زۆر و سەرچاوەی زۆر و بڕێکی زۆر ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و ژمارەیەکی زۆر چەكیان لەدەستداوە لە نیوەی یەکەمی شەڕەکەدا."

وتی: "شارەکە بەهەموو جۆرێك دەوری گیراوە بۆیە ناتوانن شەمك بێنن یاخود ئەو پاڵپشتییەی کە ماوە دابینی بکەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500