هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێرشی داعش بەردانەوەی کۆمەك لە دێرەزوری سوریا رادەگرێت

پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێشەممە (17 کانونی دووەم)، رایگەیاند بەردانەوەی کۆمەکی بۆ شاری دێرەزووری سوریا راگرتووە بەهۆی شەڕی سەختەوە دوای هێرشێکی توندی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

داعش لە 2015وە ئابڵۆقەی 100,000 دانیشتوانەکەی دێرەزووری داوە و بەشێکی گەورەی شارەکەشی لەژێردەستدایە، بەڵام شەممە پێشڕەویی زیاتری کردە نێو ئەو ناوچەیەی لەلایەن رژێمەوە کۆنترۆڵدەکرێت.

بەگوێرەی روانگەی سوریی بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ بەهۆی پێکدادانەکانەوە، کە سێشەممە چوارەمین رۆژبوو بەردەوامبوون، زیاد لە 100 کەس مردوون.

"ئۆپەراسیۆنی بەردانەوەی کۆمەكمان لە دێرەزوور بەهۆکاری ئاسایشی ئەرکەکانمانەوە راگرتووە،" وتەبێژی پرۆگرامی خۆراکی جیهان بێتینا لویشەر وتی، "شەڕی سەخت بەردەوامە لە دەوروبەر و لەناو ناوچەی نیشتنەوە [ی فڕۆکە]دا... هەربۆیە زۆر مەترسیدارە ئەو کارە بکرێت."

پرۆگرامەکە لە نیسانی 2016وە کۆمەکی مرۆیی بەردەداتەوە ناو دێرەزوور، ناوچەی ژێردەستی رژێمیش تاکە شوێنە لە سوریا کە ئاژانسەکە مۆڵەتی ئەم جۆرە کارانەی هەیە.

لویشەر وتی دوایین بەردانەوەی کۆمەكی پرۆگرامەکە یەکشەممە بوو، وتیشی 3,00 تەنی مەتری خۆراك و کۆمەكی دیکە براوەتە نێو شارەکە لەوکاتەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد.

هێرشەکەی داعش خۆرهەڵاتی ناوچەکانی ژێردەستی رژێمی لە شارەکە جیاکردووەتەوە لە خۆرئاوا، رێگەی فڕۆکەخانەی سەربازییە گرنگەکەی شاریشی بڕیوە، کە توانای رژێمی بۆ هێنانی شمەك و پاڵپشتی سەربازیی سنووردارکردووە.

بەگوێرەی روانگەکە دوایین هێرش، کە شەپۆلێك خۆکوژی لەخۆگرتبوو، "توندوتیژتریین" هێرش بوو بۆ سەر شارەکە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500