ئەمریکا هاوڵاتییهكی بەریتانی خستە لیستی ڕەشەوە رۆژی سێشەممە (10 کانونی دووەم) كه ئەندامێكی بهزیندوویی ماوهی خانەی رفاندنی سهربه رێکخراوی بەدناوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بوو کە بە "بیتڵس" ناسراوە، وەك ههڕهشهیهكی تیرۆرستیی جیهانی، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
بڕیارەکە جیهادیخوازی بەریتانی-غانایی، ئەلهگزاندەر ئامۆن کۆتێی، تەمەن 33 ساڵ، دەناسێنێت وەك ئەندامێکی ئەو یەکەیەی داعش کە سەری چەندین دیلیان بڕیووە لە سوریا.
لەنێوان ئەو کەسانەی کوژراون سێ ئەمریکی هەن -- رۆژنامەنوسان جەیمس فۆڵی و ستیڤن سۆتلۆف و پیتەر کاسینگی كارمهندی هاوکارییە مرۆییەکان -- هەروەها دەیڤد هەینس و ئالان هێنینگی كارمهندانی هاوکارییە مرۆییەکان.
هەندێك لە بەندکراوان ئازادکراون و دواتر رایانگەیاند کە ئەو کەسانەی ئەوانیان گرتبوو بە شێوەزاری بەریتانی قسەیانکردووە و لەلایەن قوربانیەکانهوه نازناوی بیتڵسیان لێنراوه كه گروپێكی موزیکی رۆکی بەریتانیی ساڵانی 1960 بوو.
سەرکردەی گروپەکە کە بکوژێکی هەرە بەدناوە، محەمەد ئیموازی یان "جیهادی جۆن"، ساڵی رابردوو کوژرا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە دژی داعش دەجەنگێت.
بەڵام، بەگوێرەی پۆڵێنکردنی ئەمریکا، پێدەچێت کۆتێی كه لهدایكبووی شاری لهندهنه، هێشتا بهئازادی دهسوڕێتهوه لەناو یان لە نزیك رەقەی سوریا.
بهگوێرهی بهیاننامهكه: "وەك پاسەوانێکی خانەکە، کۆتێی پێدەچێت بەشداریکردبێت لە سەربڕینەکاندا بەتایبەتی لە شێوازی ئەشکەنجە سەختەکاندا، لهوانه لێدانی تەزوی کارەبا و سەر خستنە ناو ئاو."
کۆتێی هەروەها بەچەند ناوێکی خوازراوەوه ناسراوە، لەنێویاندا ئەبو سەلیم بەریتانی. ئەو لە گەڕەکی پادینگتنی لەندەن لەدایك بووە و هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی و غانایی و قوبرسی یۆنانیە.
بەگوێرەی "پۆلێنی تایبەتی جیهانی تیرۆرستان"، هاوڵاتیانی ئەمریکا قەدەغەکراون لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسەدا و جێبەجێکاری یاسای جیهانی ئاگادارکرایەوە کە کەسەکە "بە شێوەیەکی چالاك بەشداری له تیرۆریزمدا دەکات."