هێزەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە (5 تشرینی دووەم) دەستیانکرد بە هێرشێك بە ئامانجی گرتنەوەی ئەو شارۆچکانەی هێشتا لە ژێر دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دان لە ناوچەکانی رۆژئاوای نزیك سنوری سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، فەریق قاسم محەمەد، وتی: "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دەستیپێکردووە لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار بۆ ئازادکردنیان لە دەستی داعش."
محەمەد رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە بە رابەرایەتی فیرقەی حەوتی سوپاو پۆلیس و شەڕکەری خێڵەکانی ناوچەکە کە دژی ئەندامانی داعش وەستاونەتەوە ئەنجامدەدرێت، بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئامانجە سەرەکیەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ناوچەی عانە و راوە و قایمن لە شارۆچەکەکانی ئەوپەڕی رۆژئاوا بە درێژایی دۆڵی فورات، لەگەڵ بەئامانجگرتنی شارۆچکەی عانە لەسەرەتادا.
محەمەد وتی: "هێزەکانمان دەستیان بە پێشڕەوی کردووە لە حەدیسەوە بۆ عانە لە چەند ئاراستەیەکەوە."
حەدیسە هەرگیز نەکەوتە دەستی داعش کاتێك گروپەکە ناوچەیەکی زۆری عێراقی داگیرکرد لە 2014دا و جێگەی هۆزێکە کە دژی ئەندامانی داعش جەنگاوە لە ناوچەکەدا.
فەرماندەیەك لە شەڕکەرانی حەدیسە، نازم جوغەیفی، وتی: "سەعاتی سفر راگەیەندراوە بۆ ئازادکردنی ناوچەکانی رۆژئاوا."